محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود: عه‌بادی پیاوێکی هه‌ناو ره‌شه

K24 – هه‌ولێر:
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، ره‌وشی به‌غدا ره‌نگه زۆر باش نه‌بێت و كابینه‌ی داهاتوو به ئاسانی دانامه‌زرێت، كوردیش یه‌كڕیزی پێویسته و ئه‌گه‌ر یه‌ك ده‌نگ بێت، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌ڵوێستی به‌هێزتر ده‌بێت.
له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، له باره‌ی ره‌وشی عێراقه‌وه و پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، گوتی: "ره‌وشی به‌غدا ره‌نگه زۆر باش نه‌بێت و كابینه‌ی داهاتوو به ئاسانی دانامه‌زرێت. دوو به‌ره هه‌یه، یه‌كێكیان سه‌ر به ئه‌مه‌ریكا و سعوودییه‌یه و به‌ره‌ی دووه‌م سه‌ر به ئێرانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كورد یه‌كڕیزی پێویسته و ئه‌گه‌ر یه‌ك ده‌نگ بێت، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌ڵوێستی به‌هێزتر ده‌بێت".
گوتیشی: ده‌ستپێكردنی دانووستانی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی پارتی بۆ سه‌ردانی لایه‌نه‌كان، له كاتی خۆیدا بوو و هه‌نگاوێكی گرنگ بوو.
له باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه به سه‌رۆكایه‌تی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، فازڵ میرانی سه‌ردانیان كردبوو، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود گوتی: له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پارتیدا باس له هه‌ردوو به‌ره‌ی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن كراوه و پێویسته كورد ژیرانه بڕواته به‌غدا و نه‌بێته به‌شێك له‌و به‌رانه، چونكه ره‌نگه كورد به‌رگه‌ی ململانێی له‌و جۆره نه‌گرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان ده‌سته‌به‌ری سه‌ركه‌وتنی كورد ده‌كات، موقته‌دا زیاتر له 70 كورسی هێناوه و لایه‌نه‌كانی دیكه زیاتر له 90 كورسییان هه‌یه و بڕیاره‌كانیش له ده‌ره‌وه دێن و پێویسته كورد نه‌چێته ململانێی به‌ره ناكۆكه‌كانی سعوودییه و ئه‌مه‌ریكا له لایه‌ك و ئێران له لایه‌كی دیكه‌وه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، كورد پێویسته بۆچوونی هه‌بێت له باره‌ی پرسی سه‌رۆك وه‌زیران و ئێستا كورد یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه.
له باره‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌گیرێن، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود گوتی: هه‌موو لایه‌نه‌كانی سه‌ر به ئێران ده‌نگیان وه‌ك پێویست نه‌هێناوه. راسته خه‌ڵك سزای داون.
له باره‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادیشه‌وه، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود نه‌یشارده‌وه، كه ره‌خنه‌ی توندی له عه‌بادی هه‌یه و رای وا بووه كورد له هه‌ولێر و سلێمانی به هیچ شێوه‌یه‌ك پێشوازی له عه‌بادی نه‌كات و گوتی: عه‌بادی په‌روه‌رده‌ی به‌ریتانیایه و له پاشماوه‌كانی ریچ و بێڵ و مێجه‌ر سۆنه و كه‌سێكی حاقید و هه‌ناو ره‌شه و له دوای سه‌دام حوسێن ته‌نیا عه‌بادی رووی سه‌دامی سپیكردووه‌ته‌وه و عه‌بادی تاوانباره و خوێنی پێشمه‌رگه‌ی رشتووه و به تانكی ئه‌مه‌ریكایی پێشمه‌رگه‌ی شێلاوه و نه‌ده‌بوو كورد پێشوازی له عه‌بادی بكات.