"نەخشەی سیاسی عێراق بەتەواوی گۆڕاوە"

"ھەمووان لە سەر ئەوە کۆکن کە پڕۆسەی سیاسی عێراق پێویستی بە تەوافوقێکی گشتگیرە"
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 – هەولێر:

له‌ ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا، بەشێک لە ھێزە سیاسییەکانی عێراق کە لە ڕابردوودا دژایەتی کوردیان دەکرد بە تەواوی لە نەخشەی سیاسی و بەڕێوەبردن پاشەکشەیان کردووە،  ئەمەش ئەوە دەردەخات عێراقێکی نوێ بەڕێوەیە، کە خەڵک ئەم سیاسیانەی پێشووی قبووڵ نییە.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە دەرفەتێکی باشە بۆ کورد کە لەم خولەدا ھەموو ئەو یاسا و کێشە دەستووریانەی ھەیەتی لە گەڵ عێراق یەکلاییان بکاتەوە، چونکە مامەڵە لەگەڵ ئەم ھێزانەی کە ئێستا سەرکەوتوون، ئاسانترە وەک لەوانەی ڕابردوو.

نەخشەی سیاسی عێراق بەتەواوی گۆڕاوە و ئەو ھێزانەی لە ڕابردوودا  لە سەر بنچینەی دژایەتی کوردستان دەنگیان بە دەست دەھێنا، ئێستا یان کورسیەکانیان کەمی کردووە، یاخود بە تەواوی لە پڕۆسەکە چونەتە دەرەوە، چاودێرانی سیاسی پێانوایە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو ھێزانەی ئێستا  لە ھەڵبژاردندا سەرکەوتوون ئاسانترە، چونکە ئەوان بە ئایدیایه‌كی تەواو شۆڤێنی بیر ناکەنەوە و ئامانجیان دژایەتی هه‌رێمی کوردستان لەسەر بنه‌مای نەتەوە نییه‌.

ھەڵمەت غەریب، چاودێری سیاسی له‌ مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، ھەڵبژاردنی ئەمجارە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو، تا ڕادەیەکی زۆر نەخشەی دەسەڵاتی سیاسی عێراق و سەرکردەکانی  لە بەڕێوەبەردنی عێراقدا  گۆڕی، بەجۆرێک کە لە دوای خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە نەخشەی سیاسی نەگۆڕاوه‌، بەڵام ھاووڵاتیان به‌ دەنگدان ئەو کەسانەیان دوورخستەوە کە لە دوای 2003 لە ناو پڕۆسەی سیاسیدا حکومیان دەکرد.

د.محه‌مه‌د شەھاب، چاودێری سیاسی رایگه‌یاند، ھەمووان لە سەر ئەوە کۆکن کە پڕۆسەی سیاسی عێراق پێویستی بە تەوافوقێکی گشتگیرە و پێویستیشە کورد یەک دەنگبێت بۆ حکومەتی داھاتووی عێراق.

گوتی: لە سەر بنەما نیشتیمانی و نەتەوەیەکان تەوافوقێکی (کوردی  کوردی) پێكبهێنرێت، بۆ ئەوەی زامنی پرسە نیشتیمانی و نەتەوەیەکان بکرێت، بۆ ئەم خولەی پەرلەمان کورد خاوەی 63 کورسی پەرلەمانییە، کە دەنگێکی بەھێزی پەرلەمان دەبێت ئەگەر یەک دەنگ و یەکگرتوو بن.