هێزێکی زۆری ئه‌منی لە بەغدا بڵاودەکرێتەوە

گرووپی چەکدار و میلیشیاکان هەڕەشە دەکەن
هێزی سەربازی لە یەکێک لە شەقامەکانی بە‌غدا
هێزی سەربازی لە یەکێک لە شەقامەکانی بە‌غدا

K24 – هەولێر

بەهۆی هەڕەشەکانی چەکدارانی میلیشیا شیعەکان، هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی لە شەقامەکانی بەغدا بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەی لایەنگرانی هاوپەیمانی فەتح و چەکدارانی میلیشیا شیعەکان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، لەدژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ھێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی لە ناوەڕاستی شارەکە، بەتایبەت لە دەورووبەری ناوچەی سەوز بڵاوکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، تەنیا 17 کورسی بەدەستهێناوە.

دوای راگەیەندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆن، ژمارەیەک گرووپی چەکدار و میلیشیاکانی شیعە ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن، ئەمەش وایکردووە دۆخی ئەمنی بەغدا ئاڵۆزبێت و هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.