جووتیارانی کوردستان دەیانەوێت زیانەکانی ئەمساڵ قەرەبوو بکەنەوە

لە هەرێمی کوردستان جووتیاران ئامادەکاری بۆ داچاندنی دانەوێڵە دەکەن
یەکێک لەو زەیانەی ساڵانە بە گەنم دادەچێنرێت
یەکێک لەو زەیانەی ساڵانە بە گەنم دادەچێنرێت

K24 - هەولێر

جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن، بۆ وەرزی بارانبارین و داچاندنی بەرهەمی دانەوێڵە، هەرچەندە بەهۆی ناکۆکی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، پلانی ستراتیژی کشتوکاڵی عێراق دواکەوتووە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان چەند پلانێکی داڕشتووە بۆ وەرزی نوێی داچاندن. جووتیارانیش چاویان لەوەیە حکومەت زیاتر هاوکاریان بێت و بە نرخێکی گونجاو دانەوێڵەکانیان بە بازاڕ بکرێن، تا ساڵی داهاتوو زیانەکانی ئەمساڵی وشکەساڵییان قەرەبوو ببێتەوە.

نەجات ئیسماعیل، یەکێکە لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر، لەگەڵ هاوپیشەکانی خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەوەی زەوییەکانیان بۆ وەرزی چاندنی گەنم و دانەوێڵە ئامادە بکەن، ئەوان هیواخوازن رێژەی بارانبارین هاوشێوەی ساڵی رابردوو نەبێت و چاویان لە رەحمەتی ئاسمانە، بۆ ئەوەی مەترسی وشکەساڵییان لەسەر نەمێنێت و ئەگەر ناچاریش بن، ئەوا بژاردەی ئاوپڕژێنیان بۆ بەرهەمی دانەوێڵە هەیە. جووتیاران بە وشکەساڵی چۆکیان دانەداوە و داوای هاوکاری لە حکومەت دەکەن، پڕۆژەکانی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانیش هێندەی دیکە سوورتری کردوون لەسەر داچاندنی گەنم و دانەوێڵە. ئەو جووتیارە بە کوردستان24ی گوت: "مانگی 11 تا 12 باشە ئەگەر پەڵە بکەوێت، ئێستا بەشێک لە جووتیاران بنەتۆیان داناوە بۆ داچاندن".

حوسێن حەمە که‌ریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "پلانی خۆمان ئامادەکردووە و دوای واژۆکردنی ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکرێت".

لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان رووبەڕووی وشکەساڵییەکی سەخت بووەوە، بەڵام بەرهەمی جووتیاران بەراورد بەو وشکەساڵییە تا راددەیەک باش بوو، جووتیاران لەگەڵ ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی داچاندن، داواکارن لە حکومەت و کەرتی تایبەت، بایەخی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن، لەپێناو ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و هاندانی زیاتریان لەسەر کاری کشتوکاڵی و قازانجی زیاتر، کە لە ئەنجامدا ئابووری کوردستان زیاتر دەبووژێنێتەەوە.