تەندروستی لەبارەی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا هۆشداری دەدات

ئەو شەپۆلە چەندین وڵاتی گرتووەتەوە
نەخۆشخانەیەکی کەربەلا
نەخۆشخانەیەکی کەربەلا

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری لە شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاووڵاتییانەوە بگاتە %50 کاریگەری شەپۆلەکە کەمتر دەبێت.

وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا هۆشداریدا لە شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە دەتوانێت بگاتە عێراق بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵە.

ئاماژەی بەوەشدا کە شەپۆلەكە چەندین وڵاتی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت، کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داھاتوو بگاتە عێراقیش.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە، تاکە رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا كوتانە بە ڤاکسین.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەگەر تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ رێژەی بەكارھێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا لە عێراق بگاتە 50% ئەوا دەتوانرێت کاریگەری شەپۆلەكە كەم بكرێتەوە.