وەزارەتی تەندروستی باسی بەدیلی داخستنی دەرگای قوتابخانەکان دەکات

وەزیری پەروەردە و وەزیری تەندروستی کۆدەبنەوە
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان - ئەرشیف
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رێکاری نوێ بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، بەدیل هەیە بۆ داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و پێشنیازیش کراوە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن مامۆستایان بکرێتە ناچاری.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی ئێستا زیاتر تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان داخڵ دەکرێن و بەداخەوە رۆژانە چەندین حاڵەتی مردن هەیە، بۆیە دەبێ رێکارەکان چڕبکەینەوە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکان".

سەبارەت بە ئەگەری بڕیاری داخستنی دەرگای داخستنی قوتابخانەکان وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: "بەدیل هەیە بۆ داخستنی قوتابخانەکان، ئەویش ڤاکسینکردنی ئەوانەیە کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵییە، بەتایبەتی مامۆستایان".

ئاشکراشی کرد: "لە کۆی 120 هەزار مامۆستا، تائێستا تەنها 45 هەزار مامۆستا ڤاکسینیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا چەند رۆژێک 170 بنکەی وەرگرتنی ڤاکسین تایبەت کرا بە مامۆستایان، دەبوایە مامۆستایان زیاتر بە پەرۆشەوە بن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت".

د. ئاسۆ حەوێزی، ئاماژەی بەوەشدا: "پێشنیازکراوە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە کە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن مامۆستایان ببێتە ناچاری، لەپێناو بەردەوام بوونی پڕۆسەی خوێندن، چونکە ڤاکسین هەیە و مامۆستایان دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن و بە ئاسانی ڤاکسین وەربگرن".

لەبارەی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا، باسی لەوەکرد: "ناتوانین بڵێین بە تەنیا یەک هۆکار هەیە بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان، ئێستا دەرگای قوتابخانەکان کراوەتەوە، پێشتر پڕۆسەی هەڵبژاردن هەبوو، هەموو ئەو پڕۆسانە لە دونیا بە بەرنامە و خۆپارێزی دەکرێن، پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بن و ڤاکسین وەربگرن".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 ئەمڕۆ هەردوو وەزیری تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە لەبارەی رەوشی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەناو چەند قوتابخانەیەک کۆدەبنەوە.