وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دەدات

"دەبێ ئێستا لە هەموو کات زیاتر هوشیاربین"
دوو پێشمەرگە لە یەکێک لە سەنگەرەکانی سنووری کەرکووک - ئەرشیف
دوو پێشمەرگە لە یەکێک لە سەنگەرەکانی سنووری کەرکووک - ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، داعش ئێستا لە قۆناغی متبوون دایە، چاوەرێی دەکات بەهۆی ئەم خۆپیشاندانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، تێکچوونی دۆخەکە  بقۆزێتەوە بۆ دەسپێکردنەوەی چالاکییەکانی، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت. هۆشداریش دەدات لە فراوانبوونی چالاکییەکانی داعش.

عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا داعش لە پڕۆسەی سیاسیی و سەربازی عێراق ئامادەیی هەیە، ئیستا داعش لە حاڵەتی متبوون دایە، چاوەڕێی دۆخی عێراق بەتایبەتی خۆپیشاندانەکان دەکات، دەیەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت و پێکدادانی سەربازی هەبێت، لەوکاتە دێتەوە ناو گۆڕەپانەکە و مەترسییەکان زیاتر دەکات، لەو ناوچانەی دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت".

گوتیشی: "لەم کاتەدا پێویستە هەموو لایەکمان هوشیارتربین و درک بەوە بکەین، ئێستا مەترسییەکانی داعش لە رابردوو کەمتر نین".