وه‌زیری په‌روه‌رده: به پشتیوانی سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ركه‌وتووبووین
K24 - هه‌ولێر:
ئالان حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانی خه‌ڵاتكردنی قوتابییه یه‌كه‌مه‌كانی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی رایگه‌یاند، سوپاسی مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ین، كه سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌به‌شداری قوتابیانی كه‌ركووك و خانه‌قین و دوزخورماتوو قوتابییه یه‌كه‌مه‌كان خه‌ڵات بكات.
وه‌زیری په‌روه‌رده گوتی: پیرۆزبایی له قوتابییه یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مه‌كان و سه‌رجه‌م قوتابیان ده‌كه‌ین، كه سه‌ركه‌وتوو بوون و توانیان قۆناغی 12ی ئاماده‌یی ببڕن، هیوای ئه‌وه‌یان بۆ ده‌خوازین خه‌ڵكویست و خاكویست بن، له‌سایه‌ی ئێوه كوردستان ئاوه‌دان بێت و داهاتوویه‌كی گه‌ش به‌ده‌ستبهێنن.
گوتیشی: "سوپاسی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، كه سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت مه‌راسیمی خه‌ڵاتكردنی قوتابییه یه‌كه‌مه‌كان به ئاماده‌بوونی قوتابیانی دوزخورماتوو و كه‌ركووك و خانه‌قین و شنگال ئه‌و مه‌راسیمه به‌ڕێوه‌بچێت".
ئالا حه‌مه سه‌عید ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سوپاسی وه‌زیری ناوخۆ "رێبه‌ری ئه‌حمه‌د" ده‌كه‌م، كه لیژنه‌یه‌كی هه‌مانگی له نێوان وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده، ته‌ندورستی، ناوخۆ و كاره‌بادا درووست كرد، بۆ به‌ڕێوه‌چوونی تاقیكردنه‌وه به باشترین شێوه، ئه‌منیه‌ت فه‌رماهه‌مكرا، كاره‌با دابینكرا، چاودێری ره‌وشی قوتابیان كرا.
له رێوڕه‌سمێكدا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قوتابییه یه‌كه‌م و دووه‌مه‌كانی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی خه‌ڵات كرد، كه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم پله‌ی باڵایان به‌ده‌ستهێنابوو.