شاندێکی لیژنەی ئهوقاف و كاروبارى ئایینى سهردانی ئیتاڵیا دهكات
K24 – ههولێر:
بە بانگھێشتێکی فهرمی، لە رۆژانی (17-18-19-10-2021)، شاندێکی لیژنەی ئهوقاف وكاروبارى ئایینى لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی ئیتاڵیان کرد.
وەیسی سەعید، بریاردەری لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی له پهرلهمانی كوردستان، به كوردستان 24ـی راگهیاند، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا چەندین دیدار و چاوپێكەوتن لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتالیا بۆبەرەنگاربوونەوەی رەگەزپهرستی و پێکەوەژیان، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەراستی گەورە و دامەزراوەی سانت ئێجیدۆ بۆ ئاشتی، ئەنجام درا.
راشیگهیاند، لە دانیشتنەکاندا باس لە رەوشی پێکەوە ژیان و فرە ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان کرا، کە بووهته ناسنامە و کولتوورێکی لە مێژینەی خەڵکی کوردستان و فاکتەری بەردەوامبوونی ژیان لە نێوان پێکھاتەکاندا.
روونیكردهوه، باس لە رۆڵی كارای پەرلەمانی کوردستان لە بەرجەستەکردنی بیرۆکەی پێکەوە ژیانی ئاشتییانە كرا، بهتایبهت لەو یاسا و بڕیارانەی کە پەسەندی کردوون و پەیوەستبوون بەفەراهەمکردن و پارێزگاریکردن لەمافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئاماژهیپێكرد، گرنگترینیان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ڕێی سستمی کۆتا، مافی پێکهاتەکانی لە نێو پەرلەماندا مسۆگهر کردووە، هەروەها یاسای ژمارە(5)ی ساڵی 2015 کە مافی پێکهاتەکانی لە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان مسۆگهر کردووە.
جهختیكردهوه، لە ماوەی شەڕی تیرۆرستانی داعش، ههرێمی كوردستان باوەشی خۆی بۆ ئەوھاووڵاتیانه كردبووهوه كه بەھۆی ھێرشی تیرۆرستان ماڵ وحاڵی خۆیان جێھێشتبوو و روویان لەھەرێمی کوردستان کردبوو.
روونیشیكردهوه، لەبەشێکی دیكهی دانیشتنەکاندا باس لە بایەخدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرا، کە کار دەکات لە سەربنەمای پاراستن و بەھێزکردنی پێکەوە ژیانی ئایینی لەھەرێمی کوردستاندا.