هاتووچۆی هەرێم روونکردنەوە لەسه‌ر گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل ده‌دات

"كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی راسپێردراوه‌ دیزاینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بكات"
دیزاینێكی نوێ بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێل ده‌كرێت
دیزاینێكی نوێ بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێل ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

لە دوای لێدوانێکی بەڕێوەبەری گشتی ھاتووچۆی بەغدا لەسەر گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرایەتی ھاتووچۆی ھەرێم ئاشکرای كرد، گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل تا ئێستا تەنیا پێشنیازە و نەبووەتە بڕیار، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی ھەرێمیش روونیكرده‌وه‌، ساڵێک پێش ئێستا ئەو پێشنیازە کراوە و کۆمپانیایەکی ئەڵمانیش راسپێردراوە دیزاینی بکات.

حکومەتی عێراق بە بڕیارێك تابلۆی ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت، بەڵام تا ئێستا ئەم بڕیارە بۆ ھەرێمی کوردستان نەھاتووە، شاکر عەلی، كه‌ شۆفێرە ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تا ئێستا دوو جار تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی گۆڕیوە، دەڵێت ئەگەر بڕیارە دووبارە تابلۆ بگۆڕدرێت، دەبێت رەچاوی باری دارایی شۆفێران بكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەرێم تا ئێستا ھیچ بڕیارێکیان بە دەست نەگەیشتووە، کە باس لە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بکات، بەشێوەیەک کە یەک تابلۆ لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان کاری پێ بکرێت، عه‌مید "ئەسعەد کەریم"، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان دەڵێت ساڵێک پێش ئێستا لە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی گشتی عێراق و ھاتوچۆی ھەرێم ئەوه‌ پێشنیاز کراوە، بەڵام تا ئێستا نەبووە بە بڕیار.

لە دوای کۆبوونەوەی ھەردوو بەڕێوەبەرایتی ھاتووچۆی عێراق و ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیار و پێشنیازێك گفتوگۆیان لەسەرکرا، لەوانە یەکخستنی سیستەمی ھاتووچۆ و پێداچوونەوە بە یاساکانی و گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەک لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان یەک شێوازبێت بۆ ئەمەش گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کراوە، کە دیزاین و کارەکانی ئامادەبکات، بەڵام تا ئێستا تەنیا پێشنیازە و نەبوونەتە بڕیار.

د.ی