میسر و یۆنان و قوبرس رێککەوتنێك بۆ گواستنەوەی کارەبا واژۆ دەکەن

K24 - ههولێر:
لە هەنگاوێکی نوێدا بە ئامانجی بەهێزکردنی هەماهەنگی لەبواری وزە لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەسینا، میسر و یۆنان و قوبرس رێککەوتنێکیان بۆ گواستنەوەی هێڵی کارەبا واژۆ کرد. لە بەرامبەردا تورکیا ناڕەزایی بەرامبەر راگەیەندراوی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە دەربڕی.
کیریاکوس میتسوتاکیس سەرۆکوەزیرانی یۆنان ئاماژەی بەوەدا، دوای یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ "عەبدولفەتاح سیسی"، سەرۆکی میسر و "نیکۆس ئاناستاسیادس"، سەرۆکی قوبرس، دەست بە بەستنەوەی هێڵی کارەبا لە نێوان هەرسێ وڵات دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی یۆنان جەختی لە سەردەمی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە کردەوە و گوتی: میسر دەبێتە سەرچاوەی وزەی کارەبا کە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لەبارە بۆ وزەی خۆر و یۆنانیش دەبێتە وێستگەی دابەشکرنی کارەبا بەرەو ئەوروپا.
سەرۆکی میسریش ئاماژەی بەوە كرد، ئامانج لەو رێککەوتنە بەهێزکردنی هاوکارییە لە بواری وزەدا، جەختیشی له گرنگی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ گواستنەوەی کارەبا لە نێوان هەر سێ وڵات کردەوە.
لە راگەیەندراوی هاوبەشی هەرسێ وڵاتدا هاتووە، ئەو بەستنەوەی هاوکاری و ئاسایشی وزە تەنیا لە نێوان هەر سێ وڵاتەکە بەهێز ناکات، بەڵکو لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاش تۆکمەی دەکات.
لە هەمان کاتدا هەر سێ وڵات کە ئەندامی کۆڕبەندی گازی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستن لەگەڵ شەش وڵاتی دیکەی وەک فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسرائیل و ئوردن، روونیانکردەوە، کە هاوکاریانن لە گەڕان و گواستنەوەی گازی سروشتی، فاکتەرێکی یارمەتیدەر بووە بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
لە هەمان کاتدا ئامانجی ئەو هاوپەیمانییەی وزە لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، رێگریکردنە لە پەلهاویشتنەکانی تورکیا بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گازی سروشتی لە ناوچەکە.
لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو راگەیەندراوە هاوبەشەی بە سیاسەتێکی دوژمنکارانە بەرامبەر تورکیا و باکووری قوبرس وەسفکرد، ئاماژەی بەوەدا، تورکیا بەشداری پڕۆژەکانی وزە دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەهێز بێت، بەڵام بەرژەوەندی و مافەکانی تورکیا و باکووری قوبرس فەرامۆش ناکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، تورکیا و یۆنان لە پەیوەندییەکی ئاڵۆزدا و لە هاوینی 2020 ناکۆکییەکانیان لەبارەی کێڵگەکانی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گەیشتە لوتکە.