حكومه‌تی سووریا 24 كه‌سی له‌سێداره‌ دا

به‌ چه‌ند رووداوێكی مه‌به‌ستدار تاوانباركرابوون
په‌تی له‌سێداره‌دان، وێنه‌: ئه‌رشیف
په‌تی له‌سێداره‌دان، وێنه‌: ئه‌رشیف

K24- هه‌ولێر:

ئاژانسی فه‌رمی سووریا ناسراو به‌ "سانا" رایگه‌یاند، حكومه‌تی دیمه‌شق بڕیاری له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر 24 كه‌سدا سه‌پاند، كه‌ ده‌ستیان له‌ پشت رووداوه‌كانی ئاگرخستنه‌وه‌كانی هاوینی رابردوو له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته‌ هه‌بوو.

ئه‌و ئاژانسه‌ ئاشكرایكرد، "شه‌وی رابردوو 24 تاوانبار له‌سێداره‌ دران، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌نجامدانی چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستیی ئاگرخستنه‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌و رووداوانه‌ چه‌ند كه‌سێك گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زیانی زۆری ماددیش به‌ر ژێرخانی سووریا كه‌وتووه‌".

وه‌ك ئه‌و ئاژانسه‌ رایگه‌یاند، "ئه‌و 24 كه‌سه‌ له‌كاتی ئاگرخستنه‌وه‌كانی كۆتایی هاوینی رابردوو، مادده‌ی سووتێنه‌ری به‌هێزیان به‌كارهێناوه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر سامانی گشتی و تایبه‌ت گه‌یشتووه‌".

H.B