بانکی ناوەندی تورکیا بەهای لیرەی زیاتر دابەزاند

"دوای ئەو بڕیارە بەهای لیرەی تورکی بۆ ئاستی نوێ داڕما کە لە مێژووی وڵاتەکدا هاوشێوەی نەبوو"
بانکی ناوەندی تورکیا بەهای لیرەی زیاتر دابەزاند
بانکی ناوەندی تورکیا بەهای لیرەی زیاتر دابەزاند

K24- هه‌ولێر:

سەرەڕای خراپی دۆخی دارایی و ئابووری تورکیا و داکەوتنی بەرچاوی لیرە کە ژیانی هاووڵاتییانی سەختکردووە، بانکی ناوەندی تورکیا لە هەوڵێکی چاوەڕوان نەکراودا رێژەی سوودی دابەزاند و دەستی بە جێبەجێکردنی ئاسانکارییەکانی سیاسەتی  نەختینە کرد.

بانکی ناوەندی تورکیا بڕیاریدا رێژەی سوود بە بڕی 200 خاڵی سەرەکی لە سەدا 18 بۆ سەدا 16 دابەزێنێت، ئەوەش دووەم هەوڵی دابەزاندنە لە دوای 23 مانگی رابردووەوە کە رێژەی سوودی بە بڕی 100 خاڵی سەرەکی دابەزاند.

دوای ئەو بڕیارە بەهای لیرەی تورکی بۆ ئاستی نوێ داڕما کە لە مێژووی وڵاتەکدا هاوشێوەی نەبوو، راستەوخۆ لیرەی تورکی سەدا 2.5ـی بەهاکەی لەدەستدا و بەرامبەر دۆلار بۆ 9.66 لیرە بەرامبەر یۆرۆ بۆ 10.98 لیرە دابەزی. بەمەش دەبێتە پێشەنگی دراوی بازاڕە تازە پێگەیشتووەکان کە خراپترین ئەدایان تۆمارکردووە.

هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە دراوی تورکی سەدا 22.5ـی بەهاکەی لەدەستداوە کە زیاتر لە نیوەی ئەو دابەزینەش لە دوو مانگی رابردوو بووە.