توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ: توندوتیژیی دژی ژنان له عێراق هه‌ڵكشاوه و پێویسته به‌غدا چاو له هه‌رێمی كوردستان بكات
K24 – هه‌ولێر:
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ، راده‌ی توندوتیژییه خێزانییه‌كان له عێراق به دیارده‌ی مه‌ترسیدار وه‌سفده‌كات و ئاماژه به هه‌ڵكشانی راده‌ی توندوتیژییه‌كانی دژ به ژنان ده‌كات، هاوكات داواش له حكومه‌ت و په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق ده‌كات، هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ له پێناو ده‌ركردنی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌رفه‌ت به توندوتیژی دژی ژنان ده‌ده‌ن له عێراقدا.
توێژینه‌وه نوێیه‌كه له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری په‌نا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌ت و خێزان و به هاوكاری رێكخراوی كڤینا تێل كڤینای سویدی و ژماره‌یه‌ك رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی دیكه له كه‌ركووك و سه‌رجه‌م پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ئاماده‌كراوه.
له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا، كه به شێوه‌ی راپرسی و چاوپێكه‌وتنی راسته‌وخۆ ئه‌نجامدراوه، 1116 ئافره‌ت به‌شدارییان كردووه.
ئاوێزان نوری، چالاكوانی ژنان له عێراق و جێگری سه‌رۆكی رێكخراوی په‌نا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان و خێزان بۆ كوردستان24 گوتی: ئامانجی سه‌ره‌كی له توێژینه‌وه‌كه پیشاندانی رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و توندوتیژییه ئاشكرا و رووداپۆشراوه‌یه، كه به‌رامبه‌ر به ژنان له كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقییدا ده‌كرێت.
گوتیشی: له عێراقدا هه‌موو جۆره توندوتیژییه‌ك له دژی ژنان هه‌یه و تا دێت شێواز و جۆری ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر به ژنان ده‌كرێن، زیاتر و ترسناكتر ده‌بن.
روونیشیكرده‌وه، له عێراقدا تا ئێستا هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی نییه، كه ئێمه داواكارین و چه‌ندین جار ئه‌و داوایه‌مان به‌رز كردووه‌ته‌وه و رامانگه‌یاندووه، ناكرێت چیدیكه ره‌وشی ژنانی عێراق له‌و ئاسته خراپه‌دا بێت و یاسایه‌ك نه‌بێت بۆ رێگرتن له تاوانه‌كان.
ئاوێزان نوری، دووپاتیشیكرده‌وه، به هۆی بوونی بۆشایی ئه‌منی و خراپی ره‌وشی ئابووری و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان، تا دێت راده‌ی توندوتیژییه‌كان زیاتر ده‌بن و توندوتیژی وه‌ك دیارده رووی له فراوانبوونه و هه‌ڕه‌شه له كۆی پێكهاته‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه ده‌كات.
له توێژینه‌وه‌كه‌دا به وردی باس له هه‌موو جۆره توندوتیژییه ره‌گه‌زییه‌كان و ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ی تاوانبارانی سه‌ره‌كی و ره‌گه‌زیان كراوه.
له توێژینه‌وه‌كه‌دا پشكی سه‌ره‌كی به‌ر كه‌ركووك كه‌وتووه، به‌و پێیه‌ی ناوه‌ندی سه‌ره‌كی كاركردنی سه‌نته‌ری په‌نایه و به دوای ئه‌ویشدا سه‌رجه‌م پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق نموونه‌یان لێوه‌رگیراوه.
توێژینه‌وه‌كه ده‌ریخستووه، نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به رێژه‌ی 38% وه‌ك هۆكاری سه‌ره‌كی توندوتیژییه‌كانی دژ به ژنان دانراوه و به دوای ئه‌ودا له پله‌ی دووه‌م هۆكاری په‌روه‌رده‌یی به رێژه‌ی 26% به هۆكاری توندوتیژییه‌كان دانراوه.
له باره‌ی ناسنامه‌ی تاوانباری سه‌ره‌كی توندوتیژییه‌كانه‌وه، توێژینه‌وه‌كه ده‌ریخستووه، پیاوان به رێژه‌ی 19% له پله‌ی یه‌كه‌مدان و له پله‌ی دووه‌میشدا ژنان به رێژه‌ی 7% هۆكارن بۆ توندوتیژی دژی ره‌گه‌زی خۆیان.
ئاوێزان نوری، سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌و رێژه‌یه هه‌یه و پێی وایه ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌یه پێی وایه ته‌نیا پیاوان له توندوتیژی دژی ژنان تاوانبارن، ئه‌وه‌تا 7%ی ژنان خۆیان توندوتیژیان به‌رامبه‌ر به ژنانی هاوڕه‌گه‌زیان به‌كارهێناوه.
له توێژینه‌وه‌كه‌دا 200 كچ دوێندراون و ده‌ركه‌وتووه 121یان هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌یان كردووه و ته‌مه‌نیا له نێوان 12 تا 14 ساڵ بووه، كه هاوسه‌رگیریان پێكراوه و ئه‌مه‌ش رێژه‌ی 53.5%ی به‌شداربووه‌كان ده‌گرێته‌وه. ئه‌وانه‌شی له ته‌مه‌نی نێوان 15 تا 17 ساڵی هاوسه‌گیریان كردووه رێژه‌یان 46.5% بووه. هه‌روه‌ها هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته به رێژه‌ی 62.2% رێگر بووه له‌به‌رده‌م ته‌واوكردنی خوێندن له لایه‌ن كچانه‌وه.
سه‌باره‌ت به توندوتیژیش 73%ی ژنان رووبه‌ڕووی توندوتیژی بوونه‌ته‌وه له لایه‌ن هاوسه‌ر یان كه‌سێكی خێزانه‌كه‌یانه‌وه.
هه‌روه‌ها 9%ی به‌شداربووان واته 172ی نموونه‌ی توێژینه‌وه‌كه رایانگه‌یاندووه، له قۆناغی منداڵی له لایه‌ن یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یانه‌وه رووبه‌ڕووی گێچه‌ڵی سێكسی بوونه‌ته‌وه.
توێژینه‌وه‌كه ده‌ریخستووه، 5%ی ژنان له ماڵه‌وه و 2% له بنكه‌كانی پۆلیس و 7% له شوێنی كار و 34% له سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌گشتییه‌كان و 16% له رێگه‌ی سۆشیال میدیاوه رووبه‌ڕووی توندوتیژی و گێچه‌ڵی سێكسی بوونه‌ته‌وه.
ئاوێزان نوری، چالاكوانی ژنان، كه له ئۆفیسی سه‌ره‌كی رێكخراوه‌كه‌ی له كه‌ركووك رۆژانه به‌شێك له‌و ژنانه‌ی رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه، په‌نای بۆ ده‌به‌ن، بۆ كوردستان24 جه‌ختیكرده‌وه، كه داواكاری سه‌ره‌كی ژنانی عێراق ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی و گێڕانه‌وه‌ی مافه بۆ ئه‌و ژنانه‌ی مافیان پێشێلكراوه.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان رێكاری پێویست نه‌گرنه‌به‌ر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی، ئه‌وا ره‌وشی ژنان رۆژ له دوای خراپتر ده‌بێت.