دوای 30 ساڵ له بێسه‌روشوێن بوونی روفاته‌كه‌ی له عێراق گه‌ڕێندرایه‌وه سعوودیه
K24- هه‌ولێر:
روفاتی یه‌كێك له سه‌ربازه كوژراوه‌كانی سعوودیه له شه‌ڕی ئازادكردنی كوه‌یت، ئه‌مڕۆ گه‌ڕێندرایه‌وه وڵاته‌كه‌ی و له میدیاكانی كه‌نداو و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوبووه‌وه، كه دیمه‌نه‌كانی به‌خاكسپاردنی روفاتی ئه‌و سه‌ربازه له گۆڕستانی "شهداء الحرم المكي" له شاری مه‌ككه نیشان ده‌دات.
نه‌قیب عه‌بدوڵڵا بن سالم ئه‌لقه‌ره‌نی، له مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری ساڵی 1991 له‌كاتی پرۆسه‌ی ئازادكردنی كوه‌یت له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانی ئه‌وكاته‌وه به‌دیل گیرابوو و تا ساڵی 2008 چاره‌نووسی به‌نادیاری مابووه‌وه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرا بوو، كه به‌دیلی له عێراق كۆچی دوایی كردووه و دواتر رێكاره‌كان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی روفاته‌كه‌ی ده‌ستیان پێكرد.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "عكاظ"ی سعوودی، كه‌سه نزیكه‌كانی و ژماره‌یه‌ك له سه‌ربازه هاوڕێكانی له رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی روفاتی ئه‌لقه‌ره‌نی كه به ئاڵای سعوودیه و كوه‌یته‌وه نێژرا، به‌شدار بوون.
مانگی رابردوو مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، راوێژكاری مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد، كه له چاره‌گی یه‌كه‌می ساڵی داهاتوو وڵاته‌كه‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی جه‌نگی كوه‌یت بهێنێته دی، كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به نزیكه‌ی 52 ملیار دۆلار خه‌مڵاندوویه‌تی.
H.B