هه‌فته‌ی "وه‌حده‌ت" یه‌كگرتوویی له‌ ئێران به‌ڕێوه‌چوو

ھاووڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان: یه‌كگرتوویی به‌ قسه‌ نابێت
ھاووڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێیانوایە یه‌كگرتوویی بە دادپەروەری دەكرێت نەك بەو رێوڕەسمانه‌
ھاووڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێیانوایە یه‌كگرتوویی بە دادپەروەری دەكرێت نەك بەو رێوڕەسمانه‌

K24 - هه‌ولێر:

حكومەتی ئێران ساڵانە ھەفتەیەكی بەناوی ھەفتەی "وەحدەت" بۆ یەكگرتوویی سوننە و شیعە مەزھەبەكانی ئەو وڵاتە ناوناوە، لەو ھەفتەیەدا چالاكی جۆراوجۆر دەكرێت، لە رۆژھەڵاتی كوردستانیش لە شارەكانی سنە و ورمێ رێورەسمی جۆراوجۆر بەڕێوەچووە، بەڵام بەشێك لە ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەڵێن یەكگرتوویی تەنیا بە قسە نابێت و پێویستە دادپەروەریشی تێدابێت.

ھەفتەی وەحدەت، ھەفتەیەك بەگوتەی بەرپرسانی ئێران بۆ لەیەكنزیككردنەوەی سوننە و شیعە مەزھەبەكانی ئێرانه‌، لەو ھەفتەیەدا رێوڕەسمی تایبەت لە ھەموو ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ئامانجیش ئەوەیە یەكدەنگیی لەنێو شیعە و سوننە مەزھەبەكان دروستبكەن، ئەگەرچی حكومەت گرنگییەكی زۆر بەو ھەفتەیە دەدات، بەڵام بەشێك لە ھاووڵاتیان پێیانوایە كە یەكدەنگی بە دادپەروەری دەكرێت نەك بەو رێوڕەسمانە.

سوننە مەزھەبەكان پێیانوایە كە پێغەمبەری موسڵمانان له‌ 12-ی رەبیعولئەوەل لەدایكبووە، بەڵام شیعە مەزھەبەكان دەڵێن له‌ 17-ی رەبعولئەوەل لەدایكبووە، جا مەودای نێوان ئەو چه‌ند رۆژە لە ئێران بە ھەفتەی وەحدەت ناونراوە، ئەمساڵ ھاوكات لەگەڵ ئەو ھەفتەیە بۆ یەكەمجار كوردێكی سوننە مەزھەب بەناوی "عەبدوڵسەلام كەریمی" وەكو راوێژكاری سەرۆككۆماری ئێران بۆ كاروباری كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان دیاریكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھاووڵاتیانی ورمێ پێیانوایە ئەو وەحدەتە بە كردار جێبەجێ نەكراوە.

بەپێی یاسای بنەڕەتی ئێران سوننە مەزھەبەكان ناتوانن ببنە سەرۆك كۆمار و تەنانەت وەزیریش، لەگەڵ ئەوەش ساڵانە بەرپرسانی ئێران لە ھەفتەی وەحدەت-دا دەیانەوێت سەرنجیان رابكێشن و بانگەشە بۆ بەیەكەوەژیان و یەكگرتوویی دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەشی زۆری رێوڕەسمەكان لە رۆژھەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچن.