گرانبوونی نرخی کاڵاکان هێزی کڕینی لاوازی کردووە

نرخی کاڵا خۆراکییەکان لە جیهاندا 32.8% بەرزبووەتەوە
نرخ لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەتەوە
نرخ لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەتەوە

K24 - هه‌ولێر:

گرانبوونی نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکانی کوردستان دۆخی بازاڕی ناجێگیرکردووە، فرۆشییاران کەمتر لەجاران شتومەکەکانیان ساغ دەبێتەوە و کڕیارانیش لە دۆخەکە نیگەرانن و گلەیی دەکەن، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هه‌رێم رایگه‌یاند، نرخی کاڵا لە جیهاندا بەرزبووتەوە و هاوردەکاران بە گران کاڵا دەکڕن، سەرۆکی دەستەی ئاماریش ئاشکرایکرد، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 10% و پیشبینی بەرزبوونەوەشی دەکەن.

کڕیاران کەمتر دەست بۆ گیرفانیان دەبەن و خەرجییەکانیش تا دێ کەم  دەکرێنەوە، کاڵاکان بەگشی نرخیان بەرزبووەتەوە و فرۆشییاران دەڵێن بەهۆی دابەزینی نرخی دینار، کاڵا لە دەرەوە بە گران دەکڕن، بازاڕ سستی لە فرۆشتن و کەمی مامەڵەی پێوە دیارە، گرانبوونی نرخ کڕیارانی نیگەران کردووە و دەڵین هەر کاڵایەک دەستی بۆ دەبەی، هەزار تاوەکو سێ هەزار دیناری چووەتەسەر.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش دەڵیت گرانبوونی نرخی کاڵاکان، تەنیا لە کوردستان نییە، بەڵکو لە تەواوی بازاڕەکانی جیهان سەریهەڵیداوە.

دەست بۆ هەر شتێک دەبەی، نرخی لە هەزار دینار بۆ 3 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، کاریگەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دۆخەکەی خراپتر کردووە، ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانەیە نرخی کاڵاکانی دوو هێندە بەرزبکاتەوە، سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئامار روونیكرده‌وه‌، رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 10%، پیشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکەن.

لە تەواوی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی کاڵا بەرزبووەتەوە و ئابووریناسان و شارەزایان ناویان ناوە ڤایرۆسی گرانی، لە مانگی رابردوودا نرخی کاڵاکان لە جیهاندا بە رێژەی 32% زیادیکردووە، نرخی بەرهەمە خۆراکییەکانیش و پێداویستی رۆژانەی خەڵکیش لەسەرووی هەموویانەوە لە بەرزبوونەوەیە.

د.ی