ئه‌مشه‌و سه‌ڵاح و كریستیانۆ رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

محه‌مه‌د سه‌ڵاح ئه‌ستێره‌ی لیڤه‌رپوول و كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی مان یونایتد
محه‌مه‌د سه‌ڵاح ئه‌ستێره‌ی لیڤه‌رپوول و كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی مان یونایتد

مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول لە یاری لوتکەی گەڕی نۆیەمی پرێمەرلیگ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، لەم یارییەدا ریکۆردێکی مێژوویی چاوەڕێي محەمەد سەڵاح هێرشبەری میسڕی رێدز دەکات، ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی شەیتانە سوورەکان.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 24 ئۆكتۆبه‌ری 2021، مانچێستەر یونایتد لە یاری لوتکەی گەڕی نۆیەمی پرێمەرلیگ، لە یاریگای خۆی میوانداریی لیڤەرپوولی رکابەری مێژوویی دەکات.

مێژوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی شه‌یتانه‌ سووره‌كان نییه‌

مانچێستەر یونایتد لە کاتێکدا میوانداریی لیڤەرپوول دەکات، سێ یارییە لەسەر یەک لە خولەکە تامی بردنەوەیان نەکردووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بێجگە لە بردنەوە، ئۆلێ گێنار سۆلشایەری بەرێوەبەری هونەری یانەکە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

شەیتانە سوورەکان لە دوایین 10 رووبەرووبونەوەیان لەگەڵ رێدز، تەنها یەک بردنەوەیان هەبووە، ئەمەش خراپترین ئاماری مێژوویی ئەو یانەیە بووە، ئەو بردنەوەیەش ساڵی 2018 بوو، لە بەرامبەردا شەش یارییان دۆڕاندووە و لە سێ یاریش بەرامبەربوونە.

مارکۆس راشفۆرد هێرشبەرە لاوەکەی مان یونایتد، بەرامبەر لیڤەرپوول چوار گۆڵی کردووە، تەنها واین رۆنی بە تۆمار کردنی شەش گۆڵ پێش ئەو یاریزانە دێت، هەروەها کریستیانۆ رۆناڵدۆش پێشتر هەشت یاری بەرامبەر رێدز کردووە و تەنها دوو گۆڵی تۆمار کردووە.

ئه‌مڕۆ فیرعه‌ونه‌ میسڕییه‌كه‌ له‌به‌رده‌م ریكۆردێكی گه‌وره‌دایه‌

لەلایەکی دیکەوە لیڤەرپوول بە سەرکردایەتی محەمەد سەڵاح، دەیەوێت جارێکی دیکە هاوشێوەی وەرزی رابردوو لە یاریگای ئانفیڵد، رکابەرە مێژووییەکەی تووشی دۆڕان بکات.

هێرشبەرە موسڵمانەکەی رێدز، وەرزی رابردوو لە دوو یاری بەرامبەر مان یو، سێ گۆڵی کرد، لە جامی کاراباو دوو گۆڵ و لە پرێمەرلیگیش گۆڵێک، سەڵاح بە تۆمار کردنی گۆڵێک لەم یارییە، دەبێتە یەکەم یاریزان لە مێژووی یانەکەی سێ یاری لەسەر یەک لە یاریگای ئەو یانەیە گۆڵ بکات.

لیڤەرپوول 18 یارییە لەسەر یەک لە پرێمەرلیگ تامی دۆڕانی نەکردووە، ئەمەش باشترین ئامار بووە لە نێوان چوار یانەکەی پێشەوەی ریزبەندی، دوایین دۆڕانیشیان لە خولەکە گەڕی 27ی وەرزی رابردوو بەرامبەر فولهام بووە.