هەشت كاندیدی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر: دەمانەوێت چاکسازی لەناو یانەی هەولێر بکرێت

حەوت كاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگیڕی یانەی هەولێر
حەوت كاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگیڕی یانەی هەولێر

هەشت كاندیدی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر راگەیاند و داوایان کرد 'چیدیکە لەوە زیاتر هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دوانەخرێت'.

هەریەکە لە تەها قادر، وەلید عارەب، ئەحمەد شکور، ئیبراهیم قادر، ئاڵا دێدەوان، مۆفەق یونس، دیدار حامید و سەردار فارس کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی یانەکە پاڵاوتووە، لە پرێس کۆنفرانسێکدا پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر راگەیاند و دووپاتیانکردەوە 'ئێمە وەکو کۆمەڵێک گەنجێکی خاوەن بڕوانامە و ئەزموون دەمانەوێت تەریب لەگەڵ بەرنامە و پلانی چاکسازی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی لە یانەی هەولێر بکەین و داوا دەکەین حکومەت هاوکار و پاڵپشتمان بێت و هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لە وادەی دیاریکراوی خۆی دوانەخرێت'.

وابڕیارە رۆژی چوارشەممە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بکرێت کە 25 بەربژێر خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی یانەکە بەربژێر کردووە و نۆ کەس بۆ ئەندامی دەستەی کارگیڕی یانەکە دەردەچن.

بەرنامەی هەشت كاندیده‌كه‌ بۆ بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر:

یەکەم: گەڕانەوە و ئاشتکردنەوەی هاندەرانی یانەی هەولێر بۆ ناو یاریگا لە رێگای گرنگیدان و هێنانە پێشەوەی ئەستێرەکانی یانەکە و پێشکەشکردنی خزمەتگوازاری شایستەی بە هاندەران لەکاتی ئامادەبوون و سەردانیکردنی یاریگا و یانەکە. پێکهێنانی دەستەی هاندەران بەشێوازێکی نوێ و سەردەمیانە.

دووەم: رەخساندنی هەلی کار بۆ راهێنەران و وەرزشوانە لاوەکان لە رێگای پێکهێنانی لێژنەی هونەری بۆ پێشخستن و رەخساندنی هەلی کار، دامەزراندنی وەرزشوانانی لاو و کارمەندان لە رێگای پێشکەشکردنی سیڤی و چاوپێکەوتن.

سێیەم: کارکردن لەسەر زیادکردنی داهاتی یانە، بەشێوەیەک یانەی هەولێر نەبێتە بارگرانی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بتوانێت لە داهاتوو باج بە حکومەت بدات.

چوارەم: دانانی ستراتیژیەتێکی تایبەت بۆ دروستکردن و پێکهێنانی گشت تیپەکان لە رێگای دەستنیشانکردنی سەرپەرشتیاری هونەری بەتوانا بۆ گشت تیپەکان و گشت تەمەنەکان. دابینکردنی بودجە بۆ هەموو تیپ و یارییەکان لە سەرەتای وەرزەوە.

پێنجەم: دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی یانەکە لە رێگای دروستکردنی مەلەوانگە و هۆڵی داخراو و نەخۆشخانە و هۆڵی یارییە تاکەکان.

شەشەم: ئەنجامدانی پرۆتۆکۆڵی وەرزشی لەگەڵ یانە پێشکەوتووەکانی وڵاتانی دیکە.

حەوتەم: دانانی پەیڕەوێکی ناوخۆیی نوێ و سەردەمیانە بۆ یانەی هەولێر کە بگونجێت لەگەڵ گەورەیی و ناوی یانەکە.