وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارێك ده‌داته‌وه‌

گوته‌كانی به‌ به‌ڵگه‌ی پشتڕاستكراوه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌

K24- هه‌ولێر:

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارێك ده‌داته‌وه‌، كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبوو، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ چه‌ند بابه‌تێكی له‌ پرۆگرامی خوێندنی ئیسلامی لابردووه‌.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌:

لە رێکەوتی (24/10/2021) به‌ڕێز هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی، پەرلەمانتاری کوردستان له‌ گۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دەکات، كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ چه‌ند بابه‌تێكی وه‌ك (بنچینه‌كانی باوه‌ڕ، هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دخ)، رۆژی دوایی، دادپه‌روه‌ری، حوكم له‌ ئیسلام، و سوێند خواردن)ـیان  له‌ پڕۆگرامەکانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی لابردووه، ‌بۆ ئەمەش تەنها کتێبی پۆلی نۆی بنەڕەتی بەنموونە دەهێنێتەوە، ئێمە لێرەدا به‌ چه‌ند خاڵێك وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه‌.

یه‌كه‌م: بەڕێز  پەرلەمانتار هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان باشتر وابوو كه‌ رێگا و رێكاره‌كانی كاری په‌رله‌مانتاری بگرتایه‌ته‌ به‌ر لەوەی بکەوتایەتە هەڵەوە، کە بریتیین لە

- ناردنی نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

- بانگهێشتكردنی نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ پەرلەمانی کوردستان/ لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە مەبەستی پرسیار و وەڵام و روونکردنەوەی پێویست.

- ئەندامانی لیژنەی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانتاری دەتوانن سەردانی وەزارەتی پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکان بکەن، بە مەبەستی بەدواداچوون و ئەرکی چاودێری.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ یه‌كێك له‌م كارانه‌ی ئه‌نجام نه‌داوه‌، بەتەلەفۆن پرسیاری لەسەر لابردنی (کۆی پرۆگرامی پەروەردەی ئیسلامی)  کردوە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن و وەڵامدراوەتەوە، کە ئەو بابەتە هیچ بنەمای نییە. و په‌له‌ی كردووه‌ له‌ وروژاندنی هەستی گشتیی له‌سه‌ر بابه‌تێك، كه‌ هیچ بنه‌مای نییه‌، وه‌ك له‌ خاڵی دووه‌م بە ووردی روونی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

دووه‌م: پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی جێگه‌ی بایه‌خی وه‌زاره‌تمانه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌ڕێز مامۆستا هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی باسیان ده‌كات، له‌ پڕۆگرامه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بوونیان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌ڕێزیان لێیان ورد نه‌بووه‌ته‌وه‌ و مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌م شێویه‌ باسی كردووه، بفەرموون بە داتا و دۆکیۆمێنت دەیخەینەڕوو:

1- سه‌باره‌ت به‌ (بنچینه‌كانی باوه‌ڕ) له‌ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی له‌ وانه‌ی شه‌شه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 18، له‌ پۆلی شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ وانه‌ی چوارده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 43، باس كراون، واتا له‌ دوو پۆلی خوێندن كه‌ پۆلی یه‌كه‌م و شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تین.

2- جێنشین و هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دخ) له‌ چه‌ندین پۆلدا به‌ ورده‌كارییه‌وه‌ باس له‌ ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانیان كراوه‌، وه‌ك له‌ پۆلی چواره‌می بنه‌ڕه‌تی له‌ لاپه‌ڕه‌ 32، له‌ پۆلی پێنجه‌می بنه‌ڕه‌تی وانه‌ی سێزده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 36 و وانه‌ی پازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 40 و وانه‌ی شازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 43، هه‌روه‌ها له‌ پۆلی شه‌شه‌م وانه‌ی ده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 31 و وانه‌ی دوازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 38 و له‌ پۆلی هه‌شته‌م وانه‌ی بیست و دووه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 64 و وانه‌ی بیست وسێیه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 67 و وانه‌ی بیست و چواره‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 69 و باسی شوێنكه‌وتوانیش له‌ وانه‌ی بیست و پێنجه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 73 كراوه‌.

3- سه‌باره‌ت به‌ (دادپه‌روه‌ری و دادگه‌ری) له‌ پۆلی هه‌شته‌م له‌ وانه‌ی چواره‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 12 و له‌ پۆلی دوازده‌یه‌م له‌ وانه‌ی چواره‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 21 باسیان كراوه‌ و وانه‌یان بۆ ته‌رخان كراوه‌.

4- سه‌باره‌ت به‌ (رۆژی دوایی) له‌ پۆلی شه‌شه‌م له‌ وانه‌ی چوارده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 45، هه‌روه‌ها له‌ پۆلی ده‌یه‌م له‌ وانه‌ی سێیه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 14 و له‌ وانه‌ی سێزده‌یه‌م (به‌ڵگه‌كانی بوونی رۆژی دوایی) له‌ لاپه‌ڕه‌ 38 و وانه‌ی چوارده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 41 و وانه‌ی پازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 44، زۆر به‌ وه‌رده‌كاری باس له‌م بابه‌ته‌ كراوه‌.

5- سه‌باره‌ت به‌ (حوكم له‌ ئیسلامدا) له‌ وانه‌ی چواره‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 21 و وانه‌ی یازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 47 و وانه‌ی دوازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 49، هه‌روه‌ها له‌ وانه‌ی سێزده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 55 له‌ پۆلی دوانزه‌یه‌م زۆر به‌ وه‌رده‌كاری باس له‌م بابه‌ته‌ كراوه‌.

6- سه‌باره‌ت به‌ (سوێند خواردن) لیژنه‌ی پسپۆڕی پڕۆگرامه‌كان بڕیاری داوه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ئاستێكی پێشكه‌وتووتر له‌ قۆناغی یازده‌یه‌می ئاماده‌یی بخوێندرێت له‌ ساڵی خوێندنی (2022-2023).

باشتر بوو بەڕێزیان هەر 12 کتیبەکەی پەروەردەی ئیسلامی بخوێنیتەوە بیزانیایە، ئەو بابەتانەی بەڕیزیان باسی لێوه‌دەکات هەمووی بوونی هەیە لە کتیبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بە شێوەی زانستی و دروست رێکخراون. ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە داواکارین لەم بابەتانە یاری به‌ هه‌ست و سۆزی موسڵمانان نه‌كرێت به‌ بێ بنه‌ما.

وەزارەتی پەروەردە - بەرێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی

24-10-2021

H.B