جوتیار عادل: نرخی به‌نزین جێگیر ده‌كه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
له باره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، جوتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین په‌یوه‌ندی به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی له سه‌ر ئاستی جیهاندا هه‌یه.
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئه‌و به‌نزینه‌ی كه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرا، زیانێكی زۆری به مرۆڤ و ئۆتۆمبێل و ژینگه ده‌گه‌یاند، بۆیه داوامان له حكومه‌تی عێراقی كردووه كه نه‌وتی خاو بده‌نه ئه‌و پاڵاوگانه‌ی كه له كوردستان هه‌ن، بتوانن پێداویستیی رۆژانه دابین بكه‌ن.
گوته‌بێژی حكومه‌ت روونیشیكرده‌وه، دوای دابینكردنی نه‌وتی خاو، له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا، نرخه‌كان داده‌به‌زن و ئاسایی ده‌بنه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ندێ شت هه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، به‌ڵام له هه‌وڵداین نرخی به‌نزین جێگیر بكه‌ین، هه‌ر كه‌سێك به‌نزین به (500) دینار بداته هاووڵاتیان ئێمه وه‌كو حكومه‌ت له گومرگ ده‌یبه‌خشین.