یه‌كێتی ئه‌وروپا نوێنه‌رایه‌تیه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كابول
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمزی به‌ریتانی ئاشكرایكرد، یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌نیازه له ماوه‌ی مانگێكدا نوێنه‌رایه‌تیه دیپلۆماسییه‌كه‌ی خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه كابولی پایته‌ختی ئه‌فغانستان، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به‌هێز بكاته‌وه.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه، مانگی رابردوو شاندێكی یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌ردانی كابولی كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخى ئه‌و وڵاته بكات، ئاخۆ ده‌توانێت جارێكی دیكه نوێنه‌رایه‌تی خۆی له ئه‌فغانستان بكاته‌وه یان نا.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له مانگی رابردوو، ده‌سه‌ڵاتی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له ئه‌فغانستان داوای له ته‌واوی وڵاتان كردبوو، باڵیۆزخانه و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان له كابول بكه‌نه‌وه، كه پێشتر به‌هۆی كۆنترۆڵكردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن تاڵیبان و رووخانی حكومه‌ته‌كه‌ی پێشوو، ته‌واوی وڵاتانی جیهان نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان له كابول داخست و فه‌رمانبه‌ره‌كانیان كشانده‌وه.
له مانگی ئابی رابردوو، پیته‌ر ستانۆ، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه رایگه‌یاند، ته‌واوی كارمه‌ندانی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و خێزانه‌كانیان له ئه‌فغانستان كشاندووه‌ته‌وه.
H.B