نێچیرڤان بارزانى به‌ جیا پێشوازى لە کونسوڵى ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزانی هندستان و کەنەدا له‌ عێراق کرد

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، له‌ سێ دیداری جیادا جه‌ختی له‌ پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان له‌گه‌ڵ هندستان, ئوردن و كه‌نه‌دا كرده‌وه‌
نێچیرڤان بارزانی پێشوازى لە کونسوڵى ئوردن کرد
نێچیرڤان بارزانی پێشوازى لە کونسوڵى ئوردن کرد

K24 - هه‌ولێر:

نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/10/25 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە پراشانت پیسێ باڵیۆزى هندستان لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە باڵیۆز هندستان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى ئەرك و کارەکانى نیشان دا، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و بەتایبەتیش رەخساندنى دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى هندستانی دووپات کردەوە و سوپاسى ئەو دەرفەتانەى کرد، کە تا ئێستا لەم بوارەدا لە هەرێمى کوردستان پێشکەشیان کردوون.

دیداری نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی هندستان له‌ عێراق
دیداری نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی هندستان له‌ عێراق

لاى خۆیەوە باڵیۆزى هندستان جەختى لەوە کردەوە، کە هندستان بە بایەخ و گرنگییەوە لە پەیوەندییەکان و دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە عیراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و لەگەڵ تیمى کونسولخانەیان لە هەولێر بەرنامەیەکى چالاکیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و بوارەکانى هاریکاریى هاوبەش هەیە و کارى لەسەر دەکەن. هەروەها ئاماژەى بە کۆرسەکانى مەشق و راهێنانى پیشەیى کرد، کە لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێشکەشیان دەکەن.

تاوتوێکردنى هەڵبژاردنەکانى عیراق و ئەنجامەکانى و چاوەڕوانى و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى فیدراڵى عێراق، تەورێکى دیکەى کۆبوونەکە بوو. تیایدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەى کە بنیاتنانى سیستمى دامەزراوەیى بۆ پاراستنى دیموکراسى، هەروەها پێگەیشتنى سیاسى و بەشداریى دەنگدەر لە پرۆسەى دەنگدان بۆ گۆڕانکاریى ئاشتیانە پێویستە و جەختیان لە گرنگیى ئارامى و سەقامگیریى عێراق بۆ تەواوى ناوچەکە کردەوە.

کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لەنێوان پێکهاتەکاندا وێڕاى جیاوازیی ئایینى و نەتەوەیى لە هندستان و هەرێمى کوردستان، هەڵگرتنى کۆتوبەندى سەفەر بۆ هندستان، پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى لەگەڵ پرۆسەى ڤاکسین، گرنگیى گەشتى راستەوخۆى ئاسمانیى نێوان هەردوولا و سەردانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى پزیشکى لە هندستان، کارى ڕەوندى هندستانى لە هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى دیکەش لە کۆبوونەوەکەدا خرانە بەر باس، کە کونسولى گشتیى هندستان لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو.

دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی هندستان له‌ عێراق و كونسوڵه‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان
دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی هندستان له‌ عێراق و كونسوڵه‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان

له‌ دیدارێكی دیكه‌دا هه‌ر ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە "فوئاد ئەلمەجالى"، کونسوڵى گشتیى تازەى شانشینى ئوردنیى هاشمى لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى، وێڕای پیرۆزبایى دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن، پشتیوانى بۆ سەرکەوتنى کار و ئەرکەکانى دەربڕى، هەروەها سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵلاى دووەم شاى ئوردن لە کاتە سەختەکاندا، دووپات کردەوە.

لاى خۆیەوە کونسوڵى گشتیى ئوردن وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى بە دەستبەکاربوونى، دووپاتى کردەوە کە بە پەرۆشییەوە بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان دەڕوانێت.

هەردوولا هاوڕا بوون کە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئوردن مێژوویین و بەهاى هاوبەش کۆیاندەکاتەوە و دەرفەتى فراوانکردنى بوارەکانى پەیوەندى و هاریکاریى هاوبەشیان زیاترە، کە سوودى بۆ هەرێمى کوردستان، عێراق و ئوردن دەبێت.

هەڵبژاردنەکانى عێراق، هەوڵەکان بۆ دامەزراندنى حکومەتى داهاتووى فیدراڵ، پەتاى كۆرۆنا و لێکەوتەکانى، پڕۆسەى کوتان بە ڤاکسینى دژە پەتاکە، کار و چالاکیى رەوەندى ئوردنى لە هەرێمى کوردستان و پرسى سەقامگیرى لە ئوردن و عێراق و ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.

لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى، وێڕای پیرۆزبایى دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن، پشتیوانى بۆ سەرکەوتنى کار و ئەرکەکانى بۆ کونسوڵى گشتیى تازەى ئوردن لە هەرێمى کوردستان دەربڕى
لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى، وێڕای پیرۆزبایى دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن، پشتیوانى بۆ سەرکەوتنى کار و ئەرکەکانى بۆ کونسوڵى گشتیى تازەى ئوردن لە هەرێمى کوردستان دەربڕى

دوای دیداره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ کونسوڵى گشتیى تازەى شانشینى ئوردنیى هاشمى لە هەرێمى کوردستان، سەرۆکى هەرێم بەبۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکییەوە، پێشوازى لە "ئولریک شانۆن"، باڵیۆزى کەنەدا لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا "نێچیرڤان بارزانى" سوپاسى ئەرک و ماندووبوونى باڵیۆزى کەنەداى لە عێراق بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکى نوێیدا بۆ خواست. باڵیۆز کەنەداش دووپاتى کردەوە، کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و هیواى خواست لە هەموو بوارەکاندە برەو بە پەیوەندییەکان بدرێت.

نێچیرڤان بارزانی پێشوازى لە باڵیۆزى کەنەدا کرد
نێچیرڤان بارزانی پێشوازى لە باڵیۆزى کەنەدا کرد

تاووتوێکردنى هەڵبژاردنى عێراق و بەشداریى چاودێرانى کەنەدى لە پرۆسەى دەنگداندا، هەڵوێستى لایەنە کوردستانییەکان و تێڕوانین بۆ ڕەوشى دواى هەڵبژاردن، پڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى فیدراڵى عێراق، پرسى ئازادییەکان و ئازادیى رادەربڕین و راگەیاندن لە هەرێمى کوردستان، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون، کە بەرپرسى نووسینگەى باڵیۆزخانەى کەنەدا لە هەولێر ئامادەى بوو.

"نێچیرڤان بارزانى" سوپاسى ئەرک و ماندووبوونى باڵیۆزى کەنەداى لە عێراق بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد