نرخی به‌نزین له ئه‌مه‌ریكاش به‌رزبووه‌وه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
بیهێنه پێش چاوی خۆت له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا 1 دۆلار و 12 سه‌نت بچێته سه‌ر هه‌ر گاڵۆنێك به‌نزین له ئه‌مه‌ریكا، واته 1 دۆلار و 12 سه‌نت بۆ نزیكه‌ی گاڵۆنێك (بۆ 4 لیتر و نیو) به‌نزین زیادیكردووه و تۆش كارمه‌ندێكی كۆمپانیایه‌كیت، یه‌ك سه‌نت نه‌چووه‌ته سه‌ر كاتژمێرێك له‌كاركردنه‌كه‌ت، واته كاتژمێرێك به 17 دۆلار كارده‌كه‌یت، به‌ڵام نه‌بووه به 17 دۆلار و یه‌ك سه‌نت.
ئێستا تێكڕای نیشتمانی بۆ گاڵۆنێك به‌نزین له ئه‌مه‌ریكا كه هیچ مادده‌یه‌كی كاربۆنی تیانه‌بێت گه‌یشتووه‌ته 3 دۆلار و 27 سه‌نت. به‌پێی پێگه‌ی AAA ئه‌م نرخه‌ی ئێستا هه‌یه بۆ گاڵۆنێك به‌نزین له‌چاو ساڵی پار ئه‌مكاته 1 دۆلار 12 سه‌نت زیادیكردووه.
پێگه‌ی AAA پێگه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری گشتییه بۆ گه‌وره‌ترین رێكخراوی گه‌شت و هاتووچۆ به ئۆتۆمبێل له ئه‌مه‌ریكا كه رۆژانه له رێگه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانیه‌وه به تێكڕایی نرخی سووته‌مه‌نی له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی بۆ به‌نزین و گاز دیاریده‌كات.
هه‌رچه‌نده له ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌نزین و گاز و كاره‌با له ویلایه‌تێكه‌وه بۆ ویلایه‌تێكی دیكه ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به‌گشتی تێكڕای نرخ وه‌رده‌گیرێت.
له‌مانگی ئاداری (مارسی 2020) نرخی گاڵۆنێك به‌نزین له زۆرێك له‌ویلایه‌ته‌كان 1 دۆلار و 19 سه‌نت بوو، به‌ڵام ئێستا 3 دۆلار زیاتره.
له راپۆرتێكی سی ئێن ئێن-دا هاتووه له ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌نزین له ویلایه‌تێكه‌وه بۆ ویلایه‌تێكی دیكه جودایه، هه‌میشه به‌رزترین نرخ له ویلایه‌تی كالیفۆرنیا تۆمارده‌كرێت ئه‌ویش به‌هۆی زۆری ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 40 ملیۆن كه‌سه. ده‌شڵێت: "له ئێستادا تێكڕای نرخی یه‌ك گاڵۆن به‌نزین له كالیفۆرنیا 4 دۆلار و 44 سه‌نته (واته هه‌ر لیترێك نزیكه‌ی دۆلار و 1 سه‌نت زیاتر ده‌كه‌وێت) كه ئه‌م نرخه بۆ خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا ئێجگار به‌رزه له‌كاتێكدا له هه‌ندێك كاونتی (كه‌رت)ی ویلایه‌ته‌كه ئه‌م نرخه بۆ گاڵۆنێك به‌رزده‌بێته‌وه بۆ 4 دۆلار و 56 سه‌نت" هه‌روه‌ها له ویلایه‌تێكی وه‌ك ئۆكلاهۆما كه‌مترین نرخی هه‌یه بۆ گاڵۆنێك كه 3 دۆلاره.
به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له‌ماوه‌ی 22 رۆژی رابردوودا له‌سه‌ریه‌ك كه بۆ هه‌ر گاڵۆنێك 14 سه‌نتی چووه‌ته سه‌ر، بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی هاووڵاتیان، ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه له هیچ شوێنێكی جیهان وه‌ك ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌ری نییه له‌سه‌ر بژێوی ژیانی خه‌ڵك، چونكه به‌كارهێنانی به‌نزین له ئه‌مه‌ریكا وه‌ك به‌كارهێنانی به‌نزین نییه له ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت ئاسیا-ش، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و كولتووره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌سه‌ری راهاتوون له به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێل-دا.
به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێل له ئه‌مه‌ریكا زیاد له پێویسته كه ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ژاری هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌ی وه‌ك میترۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه، شاره گه‌وره پڕ دانیشتوانه‌كانی لێده‌رچێت، كه‌م شار هه‌یه میترۆی تێدا بێت، چونكه له هه‌موو شاره‌كان پاس هه‌یه، به‌ڵام هاووڵاتیان به ده‌گمه‌ن به‌كاریده‌هێنن.
به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت له ئه‌مه‌ریكا وه‌ك كولتووری لێهاتووه، ماڵ نییه سێ تا چوار ئۆتۆمبێلی نه‌بێت، ته‌نانه‌ت له زۆربه‌ی كاتدا زۆرینه‌ی خه‌ڵك دوو ئۆتۆمبێلی هه‌یه، بۆیه به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین كاریگه‌ری گه‌وره ده‌كاته سه‌ر بژێوی و داهاتی مانگانه‌ی خه‌ڵك.
پاتریك دی هان، سه‌رۆكی شیكاری په‌ترۆڵ له Gas Buddy له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی CNB ده‌ڵێت: "تێكڕا له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌مه‌ریكا رۆژانه یه‌ك ملیار و 18 ملیۆن دۆلار بۆ به‌نزین له ئه‌مه‌ریكا خه‌رج ده‌كرێت".
نرخه‌كه له ویلایه‌تێكه‌وه بۆ ویلایه‌تێكی دیكه جیاوازه، له ویلایه‌تێكی وه‌ك مینیسۆتا تێكڕای نرخی گاڵۆنێك به‌نزین كه هیچ مادده‌یه‌كی كاربۆنی تیانه‌بێت دوێنێ 25ی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ری 2021) 3 دۆلار و 13 سه‌نت بوو له‌كاتێكدا ساڵی پار ئه‌مكاته یه‌ك گاڵۆن 1 دۆلار و 97 سه‌نت بووه، ته‌نانه‌ت هه‌فته‌ی پێشوو نرخی گاڵۆنێك به‌نزین 2 سه‌نت كه‌متر بوو به به‌راورد به 25ی تشرینی یه‌كه‌م، بۆیه رۆژ به‌ڕۆژ نرخه‌كه له به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
ئه‌م نرخه له نێو شاره‌كانی ویلایه‌ته‌كانیش گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام به‌سه‌نت گۆڕانه‌كه ده‌بینرێت، بۆ نموونه له شاره گه‌وره‌كانی وه‌ك مه‌نیئاپلس و سان پاول له ویلایه‌تی مینیسۆتا نرخی گاڵۆنێك به‌نزین گرانتره وه‌ك له‌شارێكی وه‌ك لۆڤێرنێ.
سایتی بلۆمبێرگ له راپۆرتێكدا ده‌ڵێت: "تا نرخی نه‌وتی خاو به‌رزبێته‌وه ئه‌وا نرخی به‌نزین به‌رز ده‌بێته‌وه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی خاو له بازاڕه‌كانی جیهان كه 80 سه‌نتی تێپه‌ڕاندووه بۆ به‌رمیلێك كه ئه‌م نرخه له‌ماوه‌ی 8 ساڵی رابردوودا یه‌كه‌مجاره به‌خۆیه‌وه ببینێت كاریگه‌ری گه‌وره‌ی كردووه‌ته سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له جیهاندا".
بلۆمبێرگ ده‌شڵێت: "تا قه‌یرانی سووته‌مه‌نی له ئه‌وروپا و ئاسیا زیادبكات، نرخی نه‌وتی خاو له جیهاندا هه‌ڵده‌كشێت، له‌به‌رامبه‌ر داواكردن له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌نزین له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه زیادده‌كات".
هه‌روه‌ها "سی ئێن ئێن" ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، داواكردن له‌سه‌ر به‌كارهێنانی به‌نزین له ئه‌مه‌ریكا له چاو ساڵی پار زیادی كردووه، كه هۆكاره‌كه‌ی بۆ زیادبوونی هه‌لی كار ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌دوای داخستنی بازاڕه‌كان به‌هۆی شه‌پۆلی په‌تای كۆرۆنا، كه نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاو هاته سه‌ر 16 دۆلار له مانگی نیسان (ئه‌پرلی 2020).
مانگی رابردوو، جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له كۆشكی سپی ئاماژه‌ی به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نیدا له ئه‌مه‌ریكا و وتی: "نابێت نرخی به‌نزین گران بێت، چونكه به‌كارهێنه‌ری بێسنووره".
ئه‌م وتانه‌ی بایدن له دوای ئه‌و زنجیره ره‌خنه‌یه هات كه به‌شێك پێیانوایه له‌دوای ئه‌وه‌ی بایدن بووه به سه‌رۆك نرخی به‌نزین زیادیكردووه.
رۆبه‌رت رابێر، نووسه‌ری پێگه‌ی "فۆربیس" له وتارێكدا باس له‌وه‌ده‌كات كه كارێكی بێ عه‌قڵییه به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین ببه‌سترێته‌وه به سه‌رۆكی وڵاته‌وه، نووسیویه‌تی: "له مانگی ئادار (مارس) وتارێكم نووسی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ سه‌رزه‌نشتكرێت له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین، له‌رۆژێكدا زیاتر له 900 هه‌زار خوێنه‌ری هه‌بوو، جگه له‌و هه‌زاران كۆمێنته‌ی بۆی نووسرابوو.
ده‌شڵێت: "زۆربه‌ی كۆمێنته‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه له‌به‌رئه‌وه‌ی كه جۆو بایدن له كۆشكی سپییه، بۆیه نرخی به‌نزین گران بووه، ئه‌مه شێتی و بێ عه‌قڵییه نرخی به‌نزین ببه‌ستیته‌وه به سه‌رۆك جۆو بایدن-ه‌وه، چونكه ئه‌مه هاوكێشه‌یه‌كی ئابوورییه، زیادبوون و كه‌مبوونی قه‌باره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه له‌نرخی سووته‌مه‌نی بایدن لێی به‌رپرس نییه، كۆشكی سپی ته‌نیا ده‌توانێت كه‌مترین به‌دواداچوون بۆ بكات كه له چه‌ند سه‌نتێك تێپه‌ڕناكات ئه‌ویش به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی باج-ه له‌سه‌ر به‌نزین، به‌رزبوونه‌وه‌كه په‌یوه‌ندی به به‌رزبوونه‌وه‌ی نه‌وتی خاو هه‌یه له‌جیهاندا".