گیتارژه‌نه‌كه‌ی كلاسیكۆ حه‌زی له كوشتن و تاوانه
نوێترین چاوپێكه‌وتنی میدیایی داڤید ئالابای به‌رگریكاری یانه‌ی ریال مه‌درید بڵاوكرایه‌وه كه تێیدا ئه‌و یاریزانه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه نهێنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بۆ پابه‌ندبوونی به رێنماییه‌كانی راهێنه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ده‌شڵێت: حه‌زم له یاریی باسكه و ژه‌نینی گیتار و زنجیره فیلمه‌كانی كوشتن و تاوانه.
داڤید ئالابا كه له هاوینی رابردوو به گرێبه‌ستێكی ئازاد له بایرن میونشنه‌وه روویكرده ریال مه‌درید و له یه‌كه‌مین یاریی له كلاسیكۆ گۆڵێكی مووشه‌كی و مێژوویی تۆمار كرد.
تۆڕی هه‌واڵی ABCـی ئیسپانیا چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ داڤید ئالابا كردووه و تێیدا چه‌ندان زانیاریی له باره‌ی ژیانی وه‌رزشی و تایبه‌تی ئه‌و یاریزانه بڵاوكردووه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه میدیاییه‌كه له‌سه‌ر پێگه‌ی خۆی نووسیویه‌تی: ئالابا حه‌زی له فێربوونه، به چه‌ندان زمان ده‌توانێت قسه بكات، له ئێستاشدا هه‌نگاوی زۆری بۆ فێربوونی زمانی ئیسانی بڕیوه و زۆر به‌خێرایی خۆی له‌گه‌ڵ كه‌شی ریال مه‌درید گونجاندووه.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش كراوه ئالابا كه‌سێكی زۆر رۆشنبیره و هیچ كاتێك ره‌شبین نییه و به‌رده‌وام به گه‌شبینی ده‌ڕوانێته داهاتوو، به‌رده‌وامیش سه‌ردانی شوێنه گشتییه‌كان و مۆزه‌خانه‌كان ده‌كات.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، ئالابا زۆرجار سه‌ردانی ئه‌و كرێكارانه ده‌كات كه ئێستا له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ كار ده‌كه‌ن و له نزیكه‌وه گفتووگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كات.
ئالابا له دیمانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه زۆر حه‌زی له گۆرانی و گوێگرتن بۆ مووزیك ده‌كات و ده‌شڵێت: گیتارژه‌نێكی به توانام و زۆر حه‌زم له یاریی باسكه‌ی ئێن بی ئه‌ی ئه‌مریكایه و به‌شێك له كاته‌كانیشم به سه‌یركردنی فیلمه سینه‌ماییه‌كان به‌سه‌ر ده‌به‌م، به‌تایبه‌تی ئه‌و فیلمانه‌ی كه جه‌نگ و شه‌ڕ و كوشتن و تاوانی زۆری تێدایه.
تۆڕی هه‌واڵی ABC له به‌شێكی دیمانه‌كه‌ی ئالابا به سه‌رسوڕمانی زیاتره‌وه باسی ئه‌و یاریزانه‌ی كردووه كه به‌رده‌وام راهێنان له‌سه‌ر لێدانی شووت ده‌كاته‌وه هه‌ربۆیه له لێدان و شووته‌كان زۆر لێزان و نایابه.
سه‌رچاوه‌كه زیاتری نووسیوه: ئێستا له ژووری جلگۆڕینی ریال مه‌درید هه‌مووان شه‌رم له ئالابا ده‌كه‌ن و له هه‌موو یاریزانه‌كان زیاتر پابه‌ندی رێنماییه‌كانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرجار له‌و شوێنه یاریی ناكات كه حه‌زی پێده‌كات، به‌ڵام باشترین ئاست پێشكه‌ش ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌ك له ریال مه‌درید مامه‌ڵه ده‌كات و خۆی گونجاندووه وه‌كو ئه‌وه وایه له ئه‌كادیمیای ریال مه‌درید پێگه‌یشت بێت.
داڤید ئالابای ته‌مه‌ن 29 ساڵ، له یانه‌ی ئوستریای ڤییه‌نا پێگه‌یشتووه، له 2008 كه ئه‌وكات ته‌مه‌نی ته‌نیا هه‌ژده ساڵ بوو په‌یوه‌ندی به بایرن میونشن كرد، ماوه‌ی 13 ساڵ له ڕیزه‌كانی یانه باڤارییه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا مایه‌وه، دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ و 10 نازناوی بۆندزلیگای به‌ده‌ستهێنا، له‌گه‌ڵ بایرن له كۆی 431 یاری، 33 گۆڵ و 55 ئاسیستی كرد، له‌وه‌ته‌ی په‌یوه‌ندیشی به ریال مه‌درید كردووه له كۆی 11 یاریی 1 گۆڵ و 2 ئاسیستی كردووه.