وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: ھاووڵاتیان له‌ وەرگرتنی ڤاکسین ساردبونەتەوە

لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاری ناچاری بۆ چەند چین و توێژێک دەرکرد کە دەبێت ڤاکسین وه‌ربگرن

K24- هه‌ولێر:

وەزارەتی تەندروستی پلانی ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ  له‌ سه‌دا 20ـی ڕێژەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان ڤاکسین وەربگرن، لیژنەی باڵای کۆرۆناش بڕیاری ناچاری بۆ چەند چین و توێژێک دەرکرد کە دەبێت ڤاکسین وه‌ربگرن.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاند،  ئێستا سەنتەرەکانی ڤاکسین کراوەن و ھەموو ھاووڵاتیەک دەتوانێت ناوی خۆی تۆماربکات،  لە رێگەی 171 سەنتەری پێدانی ڤاکسینەوەش لە سەرجەم شارەکان ھەرسێ جۆری ڤاکسین بۆ ھاووڵاتیان بەردەستە.

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، پاڵپشت بە یاسای تەندروستی گشتی و لە پێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان،  بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، ژماره‌یه‌ك  بڕیاری نوێی دەرکرد و بە گوێرەی بڕیارەکانیش لە مەودوا ڤاکسین لە زۆربەی شوێنە گشتییەکان، بەتایبەتیش فەرمانگە حکومییەکان دەبێتە ناچاری.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ماوەی چەند ھەفتەیەکە ھاووڵاتیان ساردبونەتەوە لە وەرگرتنی ڤاکسین، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری ڤاکسینیش بەردەستە، ئەم بڕیارە میکانیزمی جێبەجێکردنی بو َدیاری کراوە و ھەر ھاووڵاتیەکیش ناوی تۆماربکات لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا ناوی دەگەرێتەوە بۆ  وەرگرتنی ڤاکسین.

بارزان دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری کارگێڕی بنکەی تەندروستی کوردستان بۆ ڤاکسین رایگه‌یاند، لە ھەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 255 ھەزار و 980 کەس لە سەرووی 18 ساڵییەوەن، لەو ژمارەیە 627 ھەزار کەس ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە، کە دەکاتە له‌ سه‌دا 13.

راشیگه‌یاند، 410 ھەزار کەس ھەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە کە دەکاتە له‌ سه‌دا 21، جیا له‌وه‌ش  1 ملیۆن و 112 ھەزار ژەمی  ڤاکسینیش دراوە بە ھاووڵاتیان، وێڕای ئه‌وه‌ش 900 ھەزار ژەمی تر بە ھەر سێ جۆرەکەیەوە (سینۆفارم و ئەسترازینیکا و فایزەر ) بەردەستن و 171 بنکەی کوتان کراوەن، زیاتر لە 30 تیمی گەڕۆکی تەندروستیش دروستکراون بۆ گەڕان بە شوێنە قەرەباڵخەکاندا کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە سەرپەرشتی دەکرێن بۆ پێدانی ڤاکسین بە ھاوڵاتیان.