ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داشکاندنی بۆ قەرزی کرێی کارەبا كرد

"گفتوگۆ لە بارەی ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا كرا"
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئۆکتۆبەری 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا راپۆرتێکی دەربارەی هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ رێکخستنەوەی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان خستەڕوو، هەروەها باسی لەو پڕۆژانە کرد کە تایبەتن بە هاوبەشيپێکردنی کەرتی تایبەت، لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا .

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کارەبا و وەزارەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کەرتی کارەبا لەم کابینەیە و زیادکردنی كاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بەراوورد بە ساڵانی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کارەبای راسپارد، کە ئامادەسازیی بکەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە وەرزی سەرما و کۆنترۆڵکردنی بەفیڕۆچوونی کارەبای بەرهەمهاتوو، کارئاسانییەك بۆ هاووڵاتیان لە سەر پێشنیازی ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە داشکاندنی رێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا رێککەوتی 2021/12/31 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە، بڕیارەکەش لە 1ی نۆڤێمبەرەوە 11/1 جێبەجێ دەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی ئەو غازەی کە هاوەڵی نەوتی بەرهەمهاتووە لە کێڵگە نەوتییەکان و پێویستە وەك سەرچاوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاربهێنرێتەوە.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی راپۆرتێك لە لایەن سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، کە تایبەت بوو بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و رێژەی کوتانی هاووڵاتییان بە ڤاکسین، بەتایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان. هەروەها خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبه‌ڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە چاوەڕوانی هەڵکشانێکی دیکەی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان ده‌كرێت، کە شەپۆلی چوارەمە و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتووەوە دەست پێ بکات.

بۆیە ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دەکات و وەزارەتەکانی راسپارد بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، پابەند بن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان و خۆکوتان بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، کە تا ئێستا رێژەی کوتانەکە وەك پێویست نییە و دەبێت فەرمانبەران و کارمەندانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ئەمساڵ، ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خۆیان بدەن و بەستنی ماسکیش لە شوێنە گشتیەکان ناچاری دەبێت. داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن کرا، بەردەوام بن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاندانی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە رێنماییەکان و خۆپارێزی و سەردانی بنکەکانی لێدانی ڤاکسین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.

لە بڕگەی کۆتاییدا، کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتیەکان باسی لە دوا هەنگاوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان كرد، بۆ چارەسەرکردنی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی راسپارد، کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ چارەسەری ئەم بابەتە، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن به‌و کەس و کۆمپانیایانەی کە ئامادەن سووتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردەی هەرێم بکەن، بە مەرجی پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالیتی سووتەمەنی هاوردەکراو و سەلامەتی و تەندروستیی گشتی هاووڵاتیان.

سەبارەت بە نەوتی سپیش، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی راسپارد کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و پەلە بکەن لە گەیاندنی نەوتی سپی بە ناوچە شاخاویی و ساردەکان پێش هاتنی سەرمای زستان و پەلەکردن لە دابەشکردنی ئەو نەوتە سپییەی ئێستا لە بەردەستی وەزارەتە و لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە کڕدراوە، ئەمە سەرەڕای هەماهەنگيكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی، هەروەها وەزارەتی دارایی  وئابووریش ڕاسپێردرا، بۆ تەرخانکردنی پا ارەی پێویست، بۆ پشتیوانی دابینکردنی نەوتی سپی تا بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتیيان.