هەموو شتێک یەکلابووەتەوە؛ چاڤی لە شوێنی کومان دەبێتە راهێنەری بارسێلۆنا

چاڤی هێرناندێز
چاڤی هێرناندێز

بارسێلۆنا لەگەڵ چاڤی هێرناندێز دەستی بە گفتوگۆ کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بگرێتە ئەستۆ.

دوای ئەوەی بارسێلۆنا بەفەرمی دوورخستنەوەی رۆناڵد کومانی لە راهێنەرایەتی یانەکەی راگەیاند، هەرزوو لە میدیاکانی ئیسپانیا و ئەوروپا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە بارسێلۆنا لەگەڵ چاڤی راهێنەری سەددی قەتەری دەستی بە گفتوگۆ کردووە تا شوێنی کومان بگرێتەوە.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا لەگەڵ چاڤی هێرناندێز دەستی بە گفتوگۆ کردووە و چاڤی دەیەوێت ببێتە راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە، جیرارد رۆمێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانیش دەڵێت یەکلابووەتەوە چاڤی ئەرکی راهێنەرایەتی بلاوگرانا وەردەگرێت.
رۆژنامەی سپۆرت رایگەیاندووە، ئێستا چاڤی ەیەوێت بەزووترین کات گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سەد هەڵبوەشێنێتەوە کە حەوت نازناوی لەگەڵ ئەو یانە قەتەرییە بەدەستهێناوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی چاڤی ملیۆنێک یۆرۆیە.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن گەیشتنی چاڤی بۆ بارسێلۆنا کاتی بوێت و پێشبینی دەکرێت ئەو راهێنەرە لاوە ئیسپانییە نەتوانێت لە یاریی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس و دینامۆ کیێڤ راهێنەرایەتی بلاوگرانا بکات و ئەلبێرت کابیلاس بە شێوەیەکی کاتی لەو چەند یارییە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا دەکات، چونکە پرۆسەی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی ئێستای کاتی دەوێت، چاوەڕێ دەکرێت رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو بەرامبەر سێلتاڤیگۆ چاڤی راهێنەری بارسێلۆنا بێت.
ماتیۆ مۆریتۆ رۆژنامەنووسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، خوان لاپۆرتا چەند هەفتەیەکە لەگەڵ چاڤی لەگفتوگۆدایە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی بگرێتە ئەستۆ و چەند وردەکارییەکی بچوک ماون تا چاڤی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات.