شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان
بارانبارین - ئەرشیف
بارانبارین - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچەی شاخاوی 20 ملیم باران ببارێت.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ناسەقامگیری لە کەشوهەوا دروستبووە و دەتوانین ناوی بنێین سەرەتای وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ، ئەو ناسەقامگیرییەی ئێستا هەیە پێشبینی دەکرێت بۆ سبەی کاریگەری زیاتربێت، لەکاتی نیوەڕۆی رۆژی هەینی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر باران دەبارێت و سەر لە ئێوارەی هەمان رۆژ پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری هەولێریش باران ببارێت. بۆ شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ئەو شەپۆلە کاریگەری زیاتر دەبێت و بارانبارین هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە".

گوتیشی: "ئاستی بارانبارین لەکات و شوێنەکان جیاواز دەبێت، لە هەندێک کاتدا بارانی بەلێزمە دەبارێت و لە هەندێک ناوچەش نمە باران".

بەڕێوەبەری کەشناسی، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو ناسەقامگیرییە لە کەش و هەوا تا نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر رەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە".

بەگوێرەی پێشبینیەکان کەشناسی، لە هەندێک ناوچەی شاخاوی نزیکەی 20 ملیم مەتر باران دەبارێت، لە ناو شارەکانیش 5 ملیم".