هه‌ڵكه‌وت لالە ئەنوەر: تاقمێ قۆرخكار ئه‌و بڕه‌ كه‌مه‌ی غاز پێمان ده‌درا نه‌یانهێشت و ده‌بێت كارگه‌كه‌مان دابخه‌ین

بەداخەوە دوو ڕۆژە لە ڕێگەی پەیجە ساختەو سێبەرە مافیازەدەکانیانەوە هەستاون بە بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری
هه‌ڵكه‌وت لاله‌ ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان
هه‌ڵكه‌وت لاله‌ ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

هه‌ڵكه‌وت لاله‌ ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مان و خاوه‌نی كارگه‌ رایگه‌یاند، بڕینی بەشە غازی کارگەکەمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی و شێخەکەی پشتیانەوە بێدەنگمان ناکات.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌، هه‌ڵكه‌وت لاله‌ ئه‌نوه‌ر راشیگه‌یاندووه‌، "ئەمڕۆ بە فشارو فەرمانی هەمان گروپ و تاقمی قۆرخکار، لیژنەی نەوت و سوتەمەنی و (م.ح) ناوێکی فەرمانبەردارو ملکەچ کە دەنگیمان لایە کێ فەرمانی پێ کردووە، پێمان راگەیەنرا، ئەو بڕە کەمەش کە بۆمان دیاری کرابوو بۆ کارگەکە، بەتەواوی بڕاوەو ناتوانن وەری بگرین، واتە کارگەکەمان دەبێ دابخەین".

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌

بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان..

بڕینی بەشە غازی کارگەکەمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی و شێخەکەی پشتیانەوە بێدەنگمان ناکات.

باشترە هەندێک کەس و فەرمانبەری هەڵتۆقیوی گەندەڵ باڵۆنی فوو تێکراویان لەسەر ئێمە تاقی نەکەنەوەو واز لە چەواشەکاری بهێنن !

دوای ئەو لێدوانەمان لە پەرلەمانی کوردستان و ناوهێنانی قۆرخکارێکی سوتەمەنی و ئیدارەیەکی قۆرخکار، بەوەی تەنها وتمان بەشە غازی مانگانەی کارگەکەمانی کەم کردەوە.

بەداخەوە دوو ڕۆژە لە ڕێگەی پەیجە ساختەو سێبەرە مافیازەدەکانیانەوە هەستاون بە بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری لەسەر بەڕێز حاجی هەڵکەوت کە گوایە بەشە غازەکەی فرۆشتووه‌تەوە بە گرانتر لەدەرەوەی بریکارەکان، ئێمە تەنها لێدوانی راستیی و شاهیدیی حەقی ئەو بریکارانە بڵاو دەکەینەوە لە کارگەکەمان بۆ رەدکردنەوەی ئەو درۆیانەو بەس، ئەویتر جێدەهێڵین بۆ کاتی خۆی !

ئێمە دەزانین ئەو بڕینی بەشە گازە کاری نایاسایی و دەخالەتی حیزبە بەسەر قائیمقامیەت و فەرمانگە حکومیەکانداو بۆ پاکتاویی حیزبییە، هەمانکات دەزانین ئەو کارە بەمەبەستی بێدەنگ کردنمان و پاشگەزبوونەوەمانە لە ڕێبازی کوردایەتیی بەڵام رێگایەکی چەوتیان هەڵبژارد.

چونکە ئەمڕۆ بە فشارو فەرمانی هەمان گروپ و تاقمی قۆرخکار، لیژنەی نەوت و سوتەمەنی و (میم حسیب) ناوێکی فەرمانبەردارو ملکەچ کە دەنگیمان لایە کێ فەرمانی پێ کردووە، پێمان راگەیەنرا، ئەو بڕە کەمەش کە بۆمان دیاری کرابوو بۆ کارگەکە، بەتەواوی بڕاوەو ناتوانن وەری بگرین، واتە کارگەکەمان دەبێ دابخەین، بەوەش ئێمە نا، هاووڵاتیان زیانمەندی یەکەم دەبن و بەو سیاسەتە چەوتەی ئەو برادەرانە ماڵە فەقیرو هەژارانی دەڤەری شارەزورو هەڵەبجە دەبێ بڕۆن بە گرانتر غاز بکڕنەوەو باجەکەی بدەن، ئەوەش دەرەنجامی قۆرخکاریی.

جارێکی تر دوپاتی دەکەمەوە ئەو سیاسەت و فشارو کارە قێزەونانەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی و کۆمپانیاکانی پشتیان، ناتوانن یەک زەڕڕە پەشیمانمان بکەنەوە لە ڕێبازی کوردایەتی و بمانوەستێنێت، هەموو بەڵگە دەنگیەکانیش کە داوای بڕینی ئەو بەشە غازەی کارگەکەمان دەکەن نایاساییەو هەفتەی داهاتوو لە کۆنفڕانسێک دەیخەینە بەرچاوی ڕای گشتی و میدیاکاران و بەڵگەی فرۆشتنی نایاسایی هەموو ئەو تەنکەرە غازانە بۆ دوو سێ کەس دەخەینە بەرچاوتان و جارێکیتر ئێمە هەرگیز ویژدانمان ڕێگە نادات کاری فرۆشتنەوەو بازرگانی ڕەش بکەین بە غازی هاووڵاتیانەوە.

ئەوان دەزانن وەک پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگەکانی رابردوو بە سەری بەرزو هەڵوێستی مەردانەوە کارمان کرد خزمەتی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

 ئەوان دەزانن پەرلەمانم کردە ئامرازی خزمەتکردنی خەڵک، پەرلەمانم کردە سەکۆی بێ سەکۆیان، بۆیە ترسنۆکانە دەیانەوێت لەم رێگەیەوە قوتم ببڕن و زیانم پێ بگەیەنن و چەواشەکاری بکەن، دڵنیابن لە مافی خەڵک خۆش نابم و هەموو ئەو نابەرابەریی و بێ یاسایی و گەندەڵییانە دەبەمە دادگاکان.

لەگەڵ ڕێزدا

هەڵکەوت لالە ئەنوەر