جۆرج قرداحی نێوانی سعوودیه‌ و لوبنانی تێكدا

سعوودیه‌ باڵیۆزی خۆی له‌ لوبنان ده‌كشێنێته‌وه‌
جۆرج قرداحی، وه‌زیری راگه‌یاندنی لوبنان
جۆرج قرداحی، وه‌زیری راگه‌یاندنی لوبنان

K24 - هه‌ولێر:

لێدوانێكی جۆرج قرداحی، وه‌زیری راگه‌یاندنی لوبنان له‌ به‌رنامه‌یه‌ك، سعوودیه‌ تووڕه‌ ده‌كات، به‌و هۆیه‌وه‌ش نێوان لوبنان و سعوودیه‌ گرژی تێكه‌وت و ریاز بڕیاریدا باڵیۆزی خۆی له‌ به‌یرووت بكشێنێته‌وه‌.

جۆرج قرداحی، كه‌ به‌م دواییانه‌ وه‌ك وه‌زیری راگه‌یاندنی لوبنان ده‌ستبه‌كاربوو، له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنی به‌ناوی "په‌رله‌مانی گه‌ل" ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی سوودیه‌ و ئیمارات گرت به‌ هۆی هێرشی ئه‌و دوو وڵاته‌ بۆ سه‌ر یه‌مه‌ن، دوای ئه‌وه‌ش به‌رپرسانی سعوودیه‌ نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕی و گرژی نێوان لوبنان و سعوودیه‌ زیاتر بوو.

كه‌ناڵی "الشرق" بڵاویكرده‌وه‌، ریاز بڕیاریداوه‌ باڵیۆزی خۆی له‌ به‌یرووت بكشێنێته‌وه‌، ماوه‌ی 48 كاتژمێریشی بۆ باڵیۆزی لوبنان دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سعوودیه‌ جێبهێڵێت، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لێدوانه‌كه‌ی قرداحی، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌ سعوودیه‌، لوبنان پابه‌ندی رێككه‌وتنی ریاز نه‌بووه‌ بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی داواكراوان.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌ میدیاییه‌كانی سعوودیه‌ كه‌ له‌ زاری به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، ریاز هاورده‌كردنی هه‌موو به‌رهه‌مێكی له‌ لوبنان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، به‌ نیازیشه‌ چه‌ند بڕیارێكی دیكه‌ به‌رامبه‌ر له‌ لوبنان ده‌ربكات.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش سعوودیه‌كان هێرشێكی توندیان كردووه‌ته‌ سه‌ر جۆرج قرداحی، هاوكات حكومه‌تی سعوودیه‌ش لێدوانه‌كه‌ی قرداحی به‌ نكۆڵیكردنی راستییه‌كان له‌ قه‌ڵه‌مداوه‌.