بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری ھەولێر قیرتاو دەكرێت

ھەر ئاراستەیەکی نزیکەی 20 مەتر پانە و پێنج ئۆتۆمبێل دەتوانن بەتەنیشت یەکەوە لەسەری رێبکەن،

K24 - هه‌ولێر:

بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری شاری ھەولێر قیرتاو دەكرێت، شەقامەکە رێگەی هەولێر - شەقڵاوە  بە رێگەی هەولێر - کۆیە دەبەستێتەوە.

لە کۆتایی مانگی ئابی رابردوو کارکردن لەو بەشەی شەقامی 150 مەتری دەستیپێکرد، بڕیاریشە لە کۆتایی ساڵی 2022 تەواو بکرێت، کە درێژییەکەی زیاتر لە حەوت کیلۆمەترە و بڕی گوژمەی خەمڵێنراویش بۆ تەواوکردنی ئەو بەشەی شەقامی 150 مەتری 96 ملیۆن دۆلارە. 

سەرۆکی شارەوانی ھەولێریش دەڵێ شەقامی 150 مەتری یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پێش وادەی دیاریكراو تەواو دەکرێت.

شەقامی 150 مەتری ھەولێر، یەکێکە لە ستراتیژیترین پرۆژەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. درێژی شەقامەکە 70 کیلۆمەترە  ھەر ئاراستەیەکی نزیکەی 20 مەتر پانە و پێنج ئۆتۆمبێل دەتوانن بەتەنیشت یەکەوە لەسەری رێبکەن بۆ ھەر سایدێکیش رێگه‌یه‌كی خزمەتگوزاری لە تەنیشتیدا دروست دەکرێت.

 ئێستا دەستکراوە بە قیرتاوکردنی بەشی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە، وەک سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری ھەولێر دەڵێن پێش وادەی دیاریكراو تەواودەبێت.

 جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای دەکات بە تەواوبوونی پڕۆژەكە كێشەی قەرەباڵغی نێو شەقامەكانی شاری ھەولێر چارەسەر دەبێت.