گەنجێکی کورد لە رێگای ئەوروپا گیانی لەدەستدا

30ی کەسی دیکەی لەگەڵدا بوونە

K24 - هەولێر

تەرمی کۆچبەرێکی کورد، لە ناوچەیەکی سنووری نێوان ئەڵمانیا و پۆڵەندا دۆزرایەوە، کە لەگەڵ 30 کەسی دیکەدا بەنیازبووە لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا بگیرسێتەوە، لەکاتێکدا هەزاران کۆچبەر، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان بیلارووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە و لە ژیانێکی سەختی سەرما و بێ خۆراکیدا دەژین.

کای سیبیناوجەر، گوتەبێژی پۆلیسی گۆرلیتس لە ئەڵمانیا رایگەیاند: "لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە هەریەک لە پۆلیسی ناوچەکە و فیدڕاڵی دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، هەندێک کۆچبەری لێبوو، ژمارەیەکییان لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری رینۆدا بوون، بەڵام شۆفێرەکە هەڵاتبوو، ئەفسەرێک کەسێکی مردووی دۆزییەوە، فریاگوزاری بۆ کرا، بەڵام گیانی لەدەستدابوو".

هەرچەندە پۆلیسی ئەڵمانی دەڵێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، تەمەنی 32 ساڵ بووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، گەنجەکە خەڵکی هەولێرە و تەمەنی 25 ساڵ بووە، 30 کەسی دیکەشی لەگەڵدا بووە، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش هەڵاتووە، کە کۆچبەرەکانی گەیاندووەتە سەر سنوور.

ماوەی چەند مانگێکە کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان، رێگەی بیلارووسیا و پۆڵەندایان بۆ خۆگەیاندن بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا گرتووەتەبەر، ئێستاش هەزاران کۆچبەر لە سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە گیریان خواردووە، هاوکات پۆڵەنداش هێزی لەسنوورەکان جێگیرکردووە و بەنیازیشە سنوورەکانی لەگەڵ بیلارووسیا دیواربەند بکات.