لە سلێمانی و ھەڵەبجە داھاتی باج وەک پێویست کۆناکرێتەوە

"تا ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نازانێت داھاتی سلێمانی چەندە"

K24 - هه‌ولێر:

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمیانی دوو کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی باجەکان و خانوبەرەی میری سلێمانی و ھەڵەبجە و پارێزگاری سلێمانی ئەوەی ئاشکرا کرد، کە وەک پێویست ناتوانرێت داھاتی باج لەو دوو سنوورە کۆبکرێتەوە، ئەوەش گرفتی بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دروست کردووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت تا ئێستا ئەنجومەن نازانێت داھاتی سلێمانی چەندە.

جارێکی دیکە بابەتی دیارنەمانی داھاتی سلێمانی و کۆنەکردنەوەی باجی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە سەری ھەڵدایەوە، ئەمجارە وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو راستەیەی درکاند و ئەوەی روونكرده‌وه‌، لە سلێمانی و ھەڵەبجە داھاتی باج وەک پێویست کۆناکرێتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیەک بۆ ئەوەی بەشێک لە داھات نادیارە، وەزیری دارایی ئەوەشی نەشاردووه‌تەوە ئەو کێشەیە ھۆکارە بۆ ئەوەی بەشێک لە وەزارەت و فەرمانگەکان درەنگتر مووچەکانیان وەربگرن، بەھجەت عەلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش پێی وایە بە مەبەست واکراوە فەرمانگەکانی کۆکردنەوەی باج لەو دوو پارێزگایە کاری خۆیان جێبه‌جێ نه‌كه‌ن.

ھاووڵاتیانی سلێمانی مافی خۆیانە لە بەرپرسانی ئەم شارە بپرسن، کە داھات ناگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حکومەت چۆن و لە چیدا خەرجی دەکەن، چونکە ھەر پڕۆژەیەک لە سلێمانی بکرێت حکومەت بودجەی بۆ تەرخان دەکات، بەرزان حامید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش نایشارێتەوە ئەنجومەن بە ھیچ جۆرێک نازانێت داھاتی سلێمانی چەندە و ئەو بڕەشی کە ناگەڕێتەوە لە چیدا خەرج دەکرێت.

پێشتریش کوردستان24 چەند جارێک ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە تەنیا لەسەدا 30 داھاتی سلێمانی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و بەشەکەی دیکەی لە لایەن کۆمەڵێک بەرپرسەوە دەستی بەسەردادەگیرێت، ئەمەش گرفت بۆ حکومەتی ھەرێم دروست دەکات، چونکە ناتوانێت بەھۆی ئەم گرفتەوە مووچە بە شێوەیەکی خێراتر وەک لەوەی ئێستا ھەیە دابەش بکات.