11 ھەزار پارچە زەوی دیكه تاپۆ دهكرێن
K24 - ههولێر:
لە چوارچێوەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکانی پارێزگای ھەولێر، 11 ھەزار پارچە زەوی دیكه تاپۆ دەکرێن، کە زیاتر لە 10 ساڵە ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی کە تا ئێستا زهوییهكانیان تاپۆ نەکراون، چاوەڕوانن رێكارهیه یاساییهكان جێبهجێ بكرێن.
سەرۆکی شارەوانی ھەولێر رایگهیاند، تا ئێستا زیاتر لە 87 ھەزار زەوی کارت تاپۆ کراون و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تا سەرجەم زەویەکانی کارت دەکرێنە تاپۆ.
تاپۆکردنی زەوییە کارتەکانی ھەولێر بەردوامە و ئەم ھەفتەیە 11 ھەزار زەوی دیكه تاپۆ دەکرێن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو زەویانە تاپۆدەکات کە کارتن، ھاووڵاتیان و خاوەن خانووبەرەش داوا دەکەن ئەم تاپۆکردنە بەردەوام بێت و ھەرچی زووە رێگەپێدانی خانووشیان بۆ بکرێت.
شارەوانی ھەولێر لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە سەرجەم ئەو شوێنانە تاپۆ دەکەن، کە بە شێوەی کارت بەسەر ھاووڵاتیان دابەش کراون، عهبدولواحید ئهحمهد، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر ئاشکرای كرد، ئەو زەویانەی تاپۆکراون بەشێوەی قۆناغ رێگەپێدانی خانوویان بۆ دەکرێت و 11 ھەزار زەوی دیكهش تاپۆ دەکەن.
لە پارێزگای ھەولێر 120 ھەزار پارچە زەوی ھەیە، کە کارتن و تا ئێستا زیاتر لە 87 ھەزار زەوی تاپۆکراون و بەشێکیشیان رێگەپێدانی خانوویان بۆ کراوە، وەزارەتی شارەوانیش پلانی داناوە، کە سەرجەم ئەو زەویانەی کارتن، تاپۆ بکرێن.