ئەحمەد محەمەد داوا دەکات شیعرەکانی نەکوژن

ئەحمەد محەمەد "ناسنامەی باران" بڵاودەکاتەوە

K24 – سلێمانی

شاعیر ئەحمەد محەمەد، نامیلکە شیعرێکی نوێ بەناوی (ناسنامەی باران) بڵاودەکاتەوە و داواش لە هونەرمەندان دەکات شیعرەکانی نەکوژن.

ئەحمەد محەمەد-ی شاعیر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شیعرانەی لە دوای ساڵی 2017 کۆمکردونەتەوە لە دوو توێی نامیلکەیەکدا بەناوی (ناسنامەی باران) چاپکراوە و بڵاوی دەکەمەوە، هاوکات بەرهەمەکە بە ئەلبوومی دەنگی بڵاوی دەکەمەوە، چاپی یەکەم کە 500 دانەی لێ چاپکرا، لە بازاڕ تەواو بوو، ئێستا چاپی دووەمی بڵاودەکەینەوە، کە رەنگ و دیزاینی گۆڕاوە".

سەبارەت بەو هونەرمەندانەی کە شیعرەکانی دەکەن بە گۆرانی، ئەحمەد محەمەد ئاماژەی بەوەشدا: "ژمارەیەک لەو شیعرانە کە هێشتا بڵاونەکراونەتەوە لەلایەن هونەرمەندان کراون بە گۆرانی. داواش لە هونەرمەندان دەکەم ئەوانەی کە لەگەڵ ئەدا و ئاوازی من ناگونجێن و ناینەوە، رێچکە و توانای دیکە بۆ خۆیان بدۆزنەوە، با شیعرەکانی منیش بەرەو لاوازبوون و کوشتن نەبەن".