کارکردن لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "فلۆریا" له‌ هەولێر دەستپێدەکاتەوە

"2030 یەکە لەم پڕۆژەیەدا کێشەی لەسەر بووە و چاره‌سه‌ركراون"
کارکردن لە پڕۆژی نیشته‌جێبوونی فلۆریا ستی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
کارکردن لە پڕۆژی نیشته‌جێبوونی فلۆریا ستی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24ی راگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی فلۆریا سیتی دەستپێدەکاتەوە، کە ماوەی چەند ساڵێکی کارکردن تێیدا وەستابوو.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان روونی كرده‌وه‌، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی پارێزگای هەولێر توانیان کێشەکان چارەسەر بکەن و دوای 60 رۆژ کارکردن لە پڕۆژەی فلۆریا سیتی دەستپێدەکاتەوە و کارەکان رادەستی کۆمپانیایەکی ناوخۆ کراون، كه‌ کۆمپانیای ساوس کوردستان گرووپ ئەرکی جێبەجێکردنی لە ئەستۆ دەگرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژە بەوەش كرد، 2030 یەکە لەم پڕۆژەیەدا کێشەی لەسەر بووە و لە ساڵی 2010ـەوە کارکردن تێیدا وەستاوە، بەڵام بە هەوڵەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم توانرا کێشەکە چارەسەربکرێت و ئەرکی تەواوکردنی بە کۆمپانیایەکی ناوخۆ بسپێردرێت.

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی فلۆریا سیتی لە پارێزگای هەولێر، کە کارکردن تێیدا وەستابوو، لە چەندین شووقە و ڤێلا پێکهاتووە، کەوتووە سەر شەقامی سەرەکی هەولێر- کۆیە.

سەرەڕای ئەوە هەشت پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای هەولێر کێشەیان هەبووە، بە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم کێشەی چوار پڕۆژە چارەسەرکراوە و ئێستا دەستەی وەبەرهێنان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشی پڕۆژەکانی دیکەیە، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێتەوە.