سێ ئەزموونی مەسرور بارزانی

Kurd24

ژمارە سێ لە ئەفسانە و کلتوری گەلەری گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی گەورەی هەیە و رەنگە تاکە ژمارە بێت کە لە بۆنە و بواری جیاوازدا چەند بارە دەبێتەوە، لە زۆربەی چیڕۆک و ئەفسانەکان ئەگەر پاڵەوان لە سێ ئەزموون سەرکەوتوو بێت ئەوە گرەو یان شەڕەکەی بردۆتەوە، بە دەنگەوە چوونی مەسرور بارزانی بۆ زیان لێکەوتووەکانی لافاوەکەی شاری هەولێر سەرنجی بۆ سەر ژمارە سێ بردم، چونکە سەرۆک وەزیران لە ماوەی مانگێک لە سێ ئەزموونی زۆر گرنگ سەرکەوتوو بوو، کە دەکرێ بە ئاماژەیەکی روونی سەرکەوتنی خۆی و کابینەکەی دابنێین.

ئەزموونی یەکەمی، چەند رۆژێکی کەم مابوو بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بڕیاری جێبەجێکردنی یەکێک لە بڕگەکانی یاسای چاکسازی کە راگرتنی یان کەمکردنەوەی موچەی ئەو کەسانەبوو کە پلەی تایبەتیان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی شایەنی ئەو پلەیانە بن، مەسرور بارزانی لەو ئەزموونە نیشانیدا کە ئەو سازش لە سەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی ناکات، کاروباری حکومەت تێکەڵ بە بەرژەوەندیرکانی حیزب و رکابەری نێوان حیزبەکان ناکات، کەسانێک پێیان وابوو باشتر بوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دواخرابا بۆ دوای هەڵبژاردنەکان تا کاریگەری لەسەر دەنگەکانی پارتی نەبێت.

ئەزموونی دووەم، لە رۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، مەسرور بارزانی بە شێوەیەکی زۆر سنووردار بەشداری کرد و لە گوتارەکانیدا بە شێوەیەکی هاوسەنگ و دوور لە بارگاوی بوون بە حیزبایەتی گوتارەکانی خۆی پێشکەش دەکرد، بەهیچ شێوەیەک هێرشی نەکردە سەر هیچ لایەنێک، بە زمانێکی لێوەشاوە لە پێگەکەی وەک سەرۆکی حکومەت خەڵکی هاندەدا کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

ئەزموونی سێیەم، کە بۆ من لە دوو ئەزموونەکەی دیکە دڵخۆشکەرتر بوو، بە دەنگەوە چوونی ئەو ماڵباتانە بوو کە لافاو زیانی لێ دابوون، و گەڕان و بەسەر کردنەوەی یەک بە یەکی ماڵەکان، بەناو قوڕ و لیتاوی دوای لافاو و بە پۆتینێکی درێژ، بە ڕاستی وەک خزمەتکاری خەڵک بوو نەک ئاغا و کوێخا، وەک خۆی لە یەکێک لە گوتارەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن گوتی:’ئێمە ئاغا و کوێخا نین، ئێمە خزمەتکاری خەڵکین’.

ئەو سێ رووداو و ئەزموونەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی مایەی گەشبینیە کە ئایندەیەکی باشتر و حوکمڕانیەکی رەشیدتر و کاراتر چاوەڕوانمانە، کە کار بۆ راستکردنەوەی ئەو هەلە و کێماسیانە دەکات کە لە رابردوو بە هەر هۆکار و لە ژێر هەر ناوێکەوە کرابن.