كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان: هیچ ساختەکارییەک لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردندا نەکراوە

" گۆڕانکاریی و ساختەکاریی نەبووە و ئەنجامەكان ھاوتان"
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن

K24 – هه‌ولێر:

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزار و 621 وێستگە تەواوکردووە و دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووە و ئەنجامەكان لەگەڵ راپۆرتی ئەلیکترۆنی ھاوتان.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، بە دەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رێکارێکی پێویستە، بەڵام بەو مەرجەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە خیانەتکارانی ئەلیکترۆنی نەسپێردرێت.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئه‌مه‌ رایگه‌یاند، لە 14 هەزار وێستگە دەنگەكان بەدەست هەژمارکراونەتەوە و ئەنجامەکانیان هەمان ئەو ئەنجامانەبووە، کە پێشتر کۆمسیۆن بڵاویكرده‌وه‌.

راشیگه‌یاند، هیچ ساختەکارییەک لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن نەکراوە.

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بەئامادەبوونی چاودێرانی ناوخۆیی، نوێنەرانی حزبەکان و چاودێرانی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆمسیۆن تاوەکو ئێستا پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزار و 621 وێستگە کردووە، کە دەکاتە لە سەدا 25ی کۆی وێستەگەکان، بەڵام هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووە و ئەنجامەكان ھاوتان.

ئەو لایەنانەی شیعەی عێراق، کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی دەنگی پێویستیان نەهێناوە، بۆ هەفتەی دووەم لە سەریەک لە خۆپیشاندان دژ بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوامن، لەبارەی بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرلەبەری رێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رەتدەکەینەوە و داوا لە دەستەی دادوەری دەکەین، چاو بە تەواوی تانەکاندا بخشێنێتەوە، کە لە سەر ئەنجامەکان پێشکەشکراون، هەروەها جەختدەکاتەوە، دەبێت دەنگی تەواوی وێستگەکانی دەنگدان بەدەست هەژماربکرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدری، کە رەوتەکەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە هۆشداری لە دەستێوەردانی وڵاتان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن داوە و رایگەیاندووە، هەواڵی ئەوەمان پێگەیشتووە، هەندێک وڵات دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەکەن و گوشاردەخەنە سەر لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان.