مێسی: زۆر بیری بارسێلۆنا دەکەم بەڵام لاپۆرتا منی بریندار کرد

لیۆنێل مێسی لە چاوپێکەوتنەکەی لە رۆژنامەی سپۆرت
لیۆنێل مێسی لە چاوپێکەوتنەکەی لە رۆژنامەی سپۆرت

لیۆنێل مێسی لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات و دان بەوەدا دەنێت 'زۆر بیری بارسێلۆنا دەکات'.

لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لەبارەی یانەی بارسێلۆناوە دەڵێت 'زۆر بیری بارسێلۆنا دەکەم و دڵنیام رۆژێک لە رۆژان هەر لەو شارە دەست بە ژیان دەکەمەوە، بەگوێرەی توانا سەیری یارییەکانی بارسێلۆنا دەکەم و هەرکاتێک سەیری یارییەکان بکەم کۆمەڵێک یادگاریم لە کامپ نوو بیر دەکەوێتەوە'.

هەروەها لیۆ لەبارەی قسەکانی خوان لاپۆرتا کە گوتبووی چاوەڕێی دەکرد مێسی بەخۆڕایی یاریی بۆ بارسێلۆنا بکات، دەڵێت 'بەداخەوە لاپۆرتا بەم قسانەی منی بریندار کرد چونکە گومانی لەسەر من دروستکرد، لەکاتێکدا کەس داوای لە من نەکردبوو بەخۆڕایی لە بارسێلۆنا بکەم، من ئامادەبووم نیوەی مووچەکەم کەم بکەمەوە و ئامادەبووم بە هەموو شێوەیەک یارمەتی یانەکە بدەم'.

مێسی لەبارەی دۆخی ئێستای بارسێلۆنا دەڵێت 'من ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ ئەگوێرۆ و ئالبا و بۆسکێتس هەیە و بەردەوام قسە دەکەین، پێموایە تیپێکی باشیان هەیە و چەند یاریزانێکی نوێێ وەکو گاڤی خۆیان سەڵماندووە، ئەگەر دێمبلی بگەڕێتەوە لە پێکانەکەی دڵنیام تیپەکە باشتر دەبێت'.

لەبارەی داهاتووی خۆی لیۆ دەڵێت 'من حەز دەکەم لە داهاتوو بگەڕێمەوە یانەکە تاکو سوودم هەبێت و بتوانم یارمەتی یانەکە بدەم، حەز دەکەم بتوانم رۆژێک لە رۆژان ببمە بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا'.