تورکیا هێزی زیاتر رەوانەی سنووری رۆژئاوای کوردستان دەکات

سوپای تورکیا بارهەڵگری پڕ چەک و تەقەمەنی ناردە سەر سنوور
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی، تورکیا هێزی زیاتری ناردە سنووری کۆبانێ و سەرێکانی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ "سوپای تورکیا کاروانێکی نوێی سەربازی، کە لە بارهەڵگری پر لە چەک و تەقەمەنی پێکهاتووە، لەسەر سنوور لە بەرامبەر کۆبانێ کۆکردووەتەوە، هەروەها کاروانێکی سەربازی ناردووەتە سەرێکانی".

کۆکردنەوەی ئەو هێزە لە کاتێکدایە ماوەیەکە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات، لە رۆژئاوای کوردستان.

رۆژی سێشەممەی رابردوو 26/10/2021، یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار، بۆ ناردنی سوپای تورکیا بۆ عێراق و سووریا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەودیو سنوور لە کاتی پێویستدا لەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی "بەڵێ"ی ئاک پارتی، مەھەپە و ئیی پارتی لە بەرامبەر دەنگی "نەخێر"ی جەھەپە و ھەدەپەدا پەسەند کرا.

ئەمجارە جگە لە هەدەپە، بۆ یەکەمجار پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە دووەم پارتی گەورەی تورکیایە دژی لەناو پەرلەمانی تورکیا دژی دەنگدان بوو بەو یاداشتە. بۆیە ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەی (ئاکپارتی) گوتی: "بابەتی گرنگ ئەوەیە جەھەپە کە دووەم گەورە پارتی تورکیایە، خۆی رادەستی ھەدەپە کردووە کە یارییەکە بەدەست رێکخراوی تیرۆرستییەوە".