پاریس سانجێرمان بەنیازە گرێبەستەکەی رامۆس هەڵبوەشێنێتەوە

سێرخیۆ رامۆس
سێرخیۆ رامۆس

بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یانەی پاریس سانجێرمان بەنیازە گرێبەستی سێرخیۆ رامۆس هەڵبوەشێنێتەوە لەکاتێکدا کەمتر لە چوار مانگە پەیوەندیی بەو یانەوە کردووە و تا ئێستا هیچ یارییەکی بە درێسی ئەو یانەیە نەکردووە.

رۆژنامەی لۆپاریزیانی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان بیر لەوە دەکەنەوە گرێبەستی سێرخیۆ رامۆس هەڵبوەشێننەوە، چونکە دەستەی پزیشکی یانەکە گومانیان هەیە رامۆس بتوانێت بەمزووانە دەست بە یاریکردن بکاتەوە.

شازادەکانی پاریس گومانیان هەیە رامۆس بتوانێت هەروا بە ئاسانی لە پێکانی ئەژنۆی دەربازی بێت و بتوانێت جارێکی دیکە دەست بە یاریکردن بکاتەوە، لەکاتێکدا هاوینی رابردوو لە ریال مەدریدەوە بە گرێبەستێکی سەربەست چووە پاریس سانجێرمان کەچی تا ئێستا بەشداریی هیچ یارییەکی یانە فەرەنسییەکەی نەکردووە. بەرپرسانی سانجێرمان پێویستییان بەوەیە رامۆس رازیی بکەن تا بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکە هەڵبوەشێننەوە کە سێرخیۆ تا هاوینی 2023 گرێبەستی لەگەڵ پاریس واژۆ کردووە.

چوار مانگ لەمەبەر رامۆس پێش ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمان بکات، بەهۆی پێکانەوە بۆ یۆرۆی 2020 بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا نەکرا.