عێراق لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە دەست بە دانووستان دەکات

دانوستانه‌كه‌ بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی وزە و پاڵاوتنی ئاوە لە عێراق
پڕۆژه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با له‌ تیشكی خۆر
پڕۆژه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با له‌ تیشكی خۆر

K24 - هه‌ولێر:

بەغدا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی لە بواری وزەدا ئازاد بێت و ناچار نەبێت کارەبا و گاز هاوردە بکات، لە نوێترین هەوڵیشدا، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت ئاشکرای كرد، حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکانی سعودیە دەستی بە دانوستان کردووە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی گاز و وزەی نوێبووەوە و ئاو و پیشەسازی پێترۆکیمیاییەکان بکەن.

حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە دەستی بە گفتوگۆ کردووە، بۆ ئەوەی لە رۆژئاوای عێراق دەست بە پڕۆسەی گەڕان بکات و وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی گاز بکات. هەروەها لەگەڵ کۆمپانیای ئەکوا پاوەری سعودیه‌ش لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی وێستگەی پاڵاوتنی ئاو و وێستگەی وزەی خۆر دابمەزرێنیت، لەگەڵ کۆمپانیای سابکیش لەبارەی پڕۆژەی پێترۆکیمیایی دەستی بە گفتوگۆ کردووە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق کە لە هەمان کاتدا سەرۆکایەتی لیژنەی عێراقی - سعودی بۆ وزە و پیشەسازی دەکات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بەر لە کۆتایی هاتنی وادەی یاسایی ئەم حکومەتە پابەندن بە واژۆکردنی گرێبەست کە قەبارەی ملیاران دۆلار بێت.

وەزیری نەوت هیواخوازە چوارچێوەیەکی یاسایی روون هەبێت، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی سعودی و ئیماراتی و بیانییەکان بپارێزرێت، کە لە عێراق کاردەکەن.

هاوکات، چوارشەممەی رابردوو سعودیە و عێراق لە سەر دامەزراندنی سندووقێکی هاوبەش بە سەرمایەی سێ ملیار دۆلار رێککەوتن، بە گوێرەی راگەیەندراوی هاوبەش، لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات ئەو سندووقە دەوڵەمەندتر دەکەن.

له‌ راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووه‌، هەردوو وڵات هەماهەنگی لە بواری وزە و وزە نوێبووەوەکان دەکەن، هەروەها پلانی کارکردنی هاوبەش کارا دەکەن، کارەکان لە ژێر فەرمانی ئەنجومەنی سعودی عێراقی بەڕێوەدەچێت. هەروەها هەردوو وڵات بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگی لە بڕیارەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس، کە ئامانج لێی سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانییە.