بەنداوی گۆمەسپان بە سیستمێکی نوێ دروست دەکرێت

توانای گلدانەوەی 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە
پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان
پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە چەندین پڕۆژەی بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکردون، لەنێویشیاندا بەنداوی گۆمەسپان کە دەکەوێتە 30 کم لە دوری شاری هەولێر، بەنداوەکە بە سێیەم گەورەترین بەنداو دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان، کە توانای گلدانەوەی 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و بە سیستمی ئاڕ سی سی دروستدەکرێت، بۆ یەکەم جارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت و ساڵی 2024 تەواو دەبێت.

پڕۆژەکە ئێستا بە رێگەی وەبەرهێنان ئەنجام دەدرێت، رۆژانە 50 کرێکار و نزیکەی 25 ئامێر کاری تێدادەکەن و بە شێوەی (ئاڕ سی سی) دروست دەکرێت، کە بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق بەو سیستمە کاربکرێت.

ئاکۆ زاهر، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو کەرەستانەی لەو پڕۆژەیە بەکاردەهێنرێن هەمووی کەرەستەی خۆماڵین، کە بریتین لە بەرد، شیشم چیمەنتۆ".

هەرچەندە لە ساڵی 2015 بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن لە پڕۆژەکە وەستابوو، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی هەستکردن بە گرنگی پڕۆژەکە و بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و گلدانەوەی ئاو،  بڕی 10 ملیار دیناری تەرخانکرد و پڕۆژەکەی خستەوە کار، تا لەو رێیەوە سامانی ئاو بپارێزێت و رووبەڕووی وشکەساڵی ببێتەوە. کۆمپانیای وەبەرهێنیش ئاماژە بەوە دەکات، حکومەت گرنگی زۆر بە بەنداوەکە دەدات.

عبدوڵڵا گەردی، وەبەرهێنەری پڕۆژەکە دەڵێ: "جەنابی سەرۆکی حکومەت، گرنگی بە وەبەرهێنانی ناوخۆ دەدات بەتایبەتی لە بواری ئاو و رێگاوبان، گلدانەوەی ئاو لەم کاتەدا کە بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاو کەم بووە، کارێکی لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئێمەش وەکو وەبەرهێنەری ناوخۆ یەکێک لە کارەکانمان جێبەجێکردنی راسپاردەکانی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە، بۆ دروستکردنی ئەم بەنداوە".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دروستکردنی 12 بەنداوی لە رێگەی وەبەرهێنانەوە راگەیاندووە، کە بە تەواوبوونیان هەرێمی کوردستان بە تەواوی سامانی ئاو دەپارێزێت و مەترسی بێئاوی بە تەواوی لەسەر لادەچێت.

ئەکرەم ئه‌حمه‌د-بەرێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "تەواوبوونی پڕۆژەکە خزمەت بە هاووڵاتییان دەکات و بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیش لە رێگەی ئەو جۆرە بەنداوانە پلانی درێژخایەن پێویستە".

بەنداوی گۆمەسپان، لەسەر رووبەری شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت، توانای گلدانەوەی 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەرزییەکەی 70 مەترە  گوژمەی پڕۆژەكه‌  102 ملیار دینارە، بە دابینکردنی گوژمەی پێویست، پڕۆژەکە ساڵی 2024 تەواو دەبێت، بە تەواوبوونیشی 36 ملیۆن و 425 هەزار مەتر دووجا، زەوی بەرئاو دەکات و سامانی ئاوی ژێرزەوی دەپارێزێت و رووباری بەستۆڕە دەبووژێنێتەوە، دەبێتە سەرچاوەیەکی ئاوی پاک  و کەرتی گەشتیاری دەبووژێنێتەوە و سامانی ماسی زیاد دەکات، سەرچاوەی سەرەکی ئاوی بەنداوەکە، باران و سەرچاوە ئاوییە سرووشتییەکانی ناوچەکەیە و ئێستا %22 پڕۆژەکە تەواو کراوە.