هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ پێكهێنانی لیوا هاوبه‌شه‌كان بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان كه‌مته‌رخه‌من

به‌مه‌به‌ستی لاوازكردنی پێگه‌ی كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان حكومه‌تی عێراق نایه‌وێت بۆشایی ئه‌منی له‌و ناوچانه‌ پڕبكرێته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

تا ئێستا ھێزە ئەمنییەكانی عێراق ھەماھەنگ نین بۆ پێكھێنانی لیوای ھاوبەش لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ئەمنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، كە چەكدارانی داعش له‌و ناوچانه‌ ناوە ناوە ھێرش دەكەنە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییه‌كان، بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، حكومەتی عێراق بە مەبەستی لاوازكردنی پێگەی كورد لەو ناوچانە ئامادە نییە بۆشایی ئەمنی پڕبكاتەوە.

ئەو بۆ شاییە ئەمنییەی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دروستبووە، وایكردووە داعش خۆی رێكبخاتەوە و ھێرش بكاتە سەر ھێزەكانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان و ھاووڵاتییان و زیانی گیانیان پێ بگەیەنێت. بە گوتەی بەرپرسانی پێشمەرگە دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراق، بەڵام تا ئێستا بەكردار ھیچ ھەنگاوێكیان نەناوە بۆ پێكھێنانی دوو لیوای ھاوبەش، حیكمەت محەمەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستانيش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، بەھۆی لاوازی ھێزەكانی عێراق داعش بەم شێوەیە بەھێز بووەتەوە و ئەوان ناتوانن بۆشاییە ئەمنییەكان پڕ بكەنەوە.

لە پاڵ لاوازی ھێزە ئەمنیەكانی عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە كوردستانییەكان، حكوومەتی عێراقیش بە مەبەستی لاوازكردنی پێگەی كورد لە ناوچەكوردستانییەكان رێگرە لەوەی ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئه‌و ناوچانه‌ و دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكات. ئه‌بوبه‌كر كاروانی، چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە، حكومەتی عێراق بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد له‌و ناوچانه‌، ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكات.

سەرەتای ئەم ھەفتەیە چەكدارانی داعش جارێكی دیكە لە میحوەری پردێ ھێرشیانكردەوە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە و دوو پێشمەرگەیان شەھیدكرد. فەرماندەكانی پێشمەرگە ھۆكاری سەرەكی پەلامارەكانی داعش بۆ بوونی بۆشایەكی زۆری ئەمنی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراق دەگەڕێننەوە، كە ھێزەكانی عێراق ئامادەی ھەماھەنگی نین بۆ پڕكردنەوەی بۆ شایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكان.

H.B