سەرنووسەری فرانس فووتبۆڵ: تەنیا سێ بۆ چوار کەس دەزانن کێ باڵۆن دۆری ئەمساڵی بردووەتەوە

باڵۆن دۆر
باڵۆن دۆر

سەرنووسەری گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ رەتیدەکاتەوە ناوی براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ دزەی کردبێت و دەڵێت: تەنیا سێ چوار کەس ئەنجامی دەنگەکانی ئەمساڵ دەزانن.
باسکال فێری سەرنووسەری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لە لێدوانێکیدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەند لیستێک وەکو ئەنجامی دەنگەکانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ رەتیکردەوە ئەو لیستانە راست بن و گوتی ئەو ئەنجام و لیستانەی بڵاوکراونەتەوە هەموویان ساختەن، تەنیا من و سێ چوار کەسی دیکە دەزانین کێ خەڵاتەکەی بردووەتەوە.
سەرنووسەری گۆڤارە فەرەنسییەکە راشیگەیاند، هەواڵی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆریان بە خوودی یاریزانەکەش نەگوتووە و دەڵێت: لەوانەیە رۆژی 20ـی ئەم مانگە هەواڵەکە بەو یاریزانە بدەین کە خەڵاتەکەی بردووەتەوە چونکە پێویستە وێنە لەگەڵ باڵۆن دۆر بگرێت و دیمانەی لەگەڵ بکەین، ئێمە ئەنجامەکانمان لەناو کۆمپیوتەر هەڵگرتووە و پێویست ناکات تاکو وادەی دیاریکراو ئەنجامەکان پرێنت بکەین.

تەنانەت سەرنووسەری گۆڤارەکە دووپاتیکردەوە رێگا نادەن یانەی خوودی یاریزانەکەش ئەنجامەکان بزانێت و دەڵێت: ئێمە هەموو رێکارێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی یانەی خوودی یاریزانەکەش نەزانێت یاریزانی یانەکەی باڵۆن دۆری بردووەتەوە.
وابڕیارە رۆژی 29ـی ئەم مانگە خەڵاتی باڵۆن دۆری 2021 دابەش بکرێت کە ساڵی رابردوو بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵاتەکە دابەش نەکرا.