ئێران 32 تەن ئاوی قورس ھەناردەی ئەمریكا دەكات

K24 - ھەولێر

سەرۆكی رێكخراوی وزەی ناوەكی ئێران دەڵێ، وڵاتەكەی 32 تەن ئاوی قورس ھەناردەی ئەمریكا دەكات.

عەلی ئەكبەر ساڵحی، سەرۆكی رێكخراوی وزەی ناوەكی ئێران رایگەیاند: "لە چەند ھەفتەی داھاتوودا 32 تەن ئاوی قورسی ئێران ھەناردەی ئەمریكا دەكرێت.

سەبارەت بە ناردنی پارە لە لایەن ئەمریكاوە بۆ كڕینی ئاوی قورس لە ئێران، ساڵحی وتی: "تا ئێستا پارەكەمان بەدەست نەگەیشتووە و لەگەڵ وەرگرتنی لە چەند ھەفتەی داھاتوودا ئاوی قورسی ئێران ھەناردەی ئەمریكا دەكرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە ھەفتەی رابردوو كۆنگرێسی ئەمریكا داوایكرد كڕینی ئاوی قورس لە ئێران لە لایەن ئەمریكاوە قەدەغە بكرێت، جۆن كێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، كڕینی 32 تەن ئاوی قورس لە ئێران بە پێی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی وزەی ئێران و ئەمریكا بووە و ئەو بڕیارەی كۆنگرێس، ئەو گرێبەستانەی كە پێشووتر واژووكراون ناگرێتەوە.

ئاوی قورس لە پێكھاتە سەرەكییەكانی دروستكردنی ریئاكتۆری ئەتۆمییە و لە بواری زانستی و لێكۆڵینەوە پزیشكیشدا بەكاردێت.