به‌هۆكاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك لە كەركووك فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە

‎"فەرمانەكە لەژێر فشاری ڕاكان جبوری بووە"

لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك لە كەركووك فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە
لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك لە كەركووك فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە

‎ K24– كەركووك:

‎دوێنێ دووشەممە 1-11-2021 خوێندنی كوردی لە كەركووك  بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی و مامۆستا و سەرپەرشتیاران، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنیان لە قوتابخانەی عەلی مەردانی سەرەتایی  لێدا.

‎په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند، لە مەراسیمێكدا ئاڵای كوردستان بەرزكرایەوە و سروودی نەتەوەیی ئەیڕەقیب گوترایەوە، دوای مەراسیمەكە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركووك كە لە نەتەوەی عەرەبە هەڕەشەی سزادانی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەكات و داوا دەكات بێتە دیوانی پەروەردە، بەڵام بەڕێوەبەرە كوردەكە ڕتیدەكاتەوە بچێت، دواتر هێزێكی ئەمنی سەر بە ئاسایشی نیشتمانی بەمەبەستی دەستگیركردنی هەڵدەكوتنە سەر ماڵی مامۆستا تەها، بەڕێوەبەری قوتابخانەی عەلی مەردان، پێش گەیشتنی هێزەكە لە ماڵ دەردەچێت.

راشیگه‌یاند، دواتر لە ڕێگەی موختاری گەڕەكەكەوە پەیوەندی پێوە دەكەن كە دەبێت خۆی ڕادەست بكات، ئەمڕۆش جارێكی دیكە ئەفسەرێكی ئەو دەزگایە بە پلەی ملازم پەیوەندی پێوە دەكات و پێی ڕاگەیاندووە كە دەبێت خۆی ڕادەست بكات بەپێچەوانەوە سزاكەی قوستر دەبێت.

روونیكرده‌وه‌، مامۆستا تەها كە هاوكات كادیرێكی پارتییە بەهۆی ئەو هەڕەشەی لە سەرییەتی كەركووكی جێهێشتووه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ سەبارەت بە هۆكاری هەڵكوتانە سەر ماڵەكەی بەكوردستان24ی ڕاگەیاند، تەنیا هۆكار هەڵكردنی ئاڵای كوردستانە و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە مامۆستایان بترسێنن و چیتر نەتوانین لە قوتابخانەكانیش ئاڵای كوردستان هەڵبكەین.

‎بە گوێره‌ی زانیارییەكانی كوردستان24 ئەوەی لە بەرامبەر ئەو بەڕێوبەرە كوردە كراوە لە سەر داوا و بڕیاری ڕاكان جبوری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بووە.

‎بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بەرپرسانی پارتی لە لایەك و وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە سەر هێڵن و پشتگیری تەواویان بۆ ئەو مامۆستا كوردە دەربڕیوە و بەڵێنیان پێداوە كە ڕێگە نەدەن هیچ سزایەك بدرێت.