عێراق رەزامەندی لەسەر هەڵکەندنی قووڵترین بیری نەوت دەدات

"ئه‌م بیره‌ به‌ قووڵترین بیری نه‌وت داده‌نرێت"
عێراق رەزامەندی لەسەر هەڵکەندنی قووڵترین بیری نەوت دەدات
عێراق رەزامەندی لەسەر هەڵکەندنی قووڵترین بیری نەوت دەدات

K24 – هه‌ولێر:

کۆمپانیای هەڵکەندنی بیری نه‌وت له‌ عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر هەڵکەندنی قووڵترین بیری  نەوت، کە لە چوارچێوەی هەڵکەندنی 28 بیرە لە کێڵگەی غەرافی نەوت لە باشووری وڵات. 

کۆمپانیای هەڵکەندنی نەوتی عێراق رایگەیاند، تیمە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانیان دەستیان بە پرۆسەی هەڵکەندنی بیری نەوتی D - 86 P لە کێڵگەی غەراف کردووە، کە قووڵاییەکەی 4240 مەترە و بە گۆشەی 64 پلە هەڵدەکەندرێت، لە پرۆسەکەشدا ئامێری هەڵکەندنی IDC 58 کە هێزی 2000 ئەسپی هەیە بەکاردەهێندرێت. 

راشیگه‌یاند، ئه‌م بیره‌ به‌ قووڵترین بیری نه‌وت داده‌نرێت، كه‌ لە چوارچێوەی گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای پێترۆناسی مالیزی بۆ هەڵکەندنی 28 بیری نەوتی لە کێڵگەی غەراف، ئه‌نجام ده‌درێت. 

لە ساڵی 2013ـەوە کۆمپانیای پێترۆناسی مالیزی دەستی بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی غەراف کردووە، کە بە گەورەترین کێڵگەی نەوتی لە پارێزگای زیقار له‌ باشووری عێراق دادەندرێت.