گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە باكووری فەللوجە دۆزرایەوە

"سەرچاوەکان چەندین گۆڕی دیکە لە ناوچەکەدا هەن"

K24 - ھەولێر

ھێزە عێراقییەكان لە باكووری شارۆچکەی فەللوجە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە كە روفاتی 400 سەربازی عێراقی تێدایە.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنییەكان دوێنێ گۆڕێکی بە کۆمەڵیان لە شارەدێی سەقڵاوییە لە باکووری فەللوجە دۆزییەوە، کە چوار سەد روفاتی تێدایە و سەرجەم روفاتەکان هی سەربازانی سوپای عێراقن.

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژەش بۆ ئەوە دەکەن چەندین گۆڕی دیکە لە ناوچەکەدا هەن و ئەو روفاتانەی کە تێیاندان شوێنی گولـلە بە جەستەیانەوە دیارە و هەندێکی دیکەشیان بە تەقینەوە کوژراون.

ئەمە لە كاتێكدایە زیاتر لە دووھەفتە دەبێت ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی فەللوجە لە ژێر دەستی داعش دەستیپێكردووە، بە گوتەی بەرپرسانی عێراق چەند ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردووە.